عێراق 36 تۆن هاوکاریی پزیشکی ڕەوانەی لوبنان کرد

وەزارەتی تەندروستیی عێراق 36 تۆن هاوکاریی پزیشکی ڕەوانەی نەخۆشخانەکانی لوبنان کرد بڕیاریشە کاروانی دووەمی هاوکارییەکان بەم زووانە ڕەوانە بکات.
وەزارەتی تەندروستیی عێراق لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاشکرای کرد "لەسەر ڕێنمایی ساڵح مەهدی حەسناوی، وەزیری تەندروستی عێراق، دوێنی شەممە، 36 تۆن هاوکاریی پزیشکی ڕەوانەی نەخۆشخانەکانی لوبنان کرا."
لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، "وەزارەتی تەندروستیی عێراق بە ئامادەبوونی لیژنەیەک و ئامادەبوونی نوێنەری وەزارەتی تەندروستیی لوبنان، کاروانی یەکەمی هاوکارییە پزیشکییەکانی ڕادەستی لوبنان کرد." ئاماژەی بەوەش دا "کاروانی دووەمی هاوکارییە پزیشکییەکان لە هەفتەی داهاتوودا ڕەوانە دەکرێت."
ئەمە لەکاتێکدایە کە کەرتی تەندروستی لە عێراق لە دۆخێکی باشدا نییە و هاووڵاتیانیان لە هەموو خزمەتگوزارییە تەندروستیەکان سوودمەند نین.