شەیبانی و ژمارەیەک بەرپرسی باڵای سووریا دەچنە ئەمەریکا
ئەم مانگە ژمارەیەک بەرپرسی باڵای حکوومەتی ڕاگوزەری سووریا سەردانی ئەمەریکا دەکەن.
ئاژانسی ڕۆیتەرز ئاشکرای کردووە، بۆ بەشداریی لە دیداری بەهارەی سندووقی دراوی نێودەوڵەتی، 20 بۆ 21ـی ئەم مانگە هەریەکە لە ئەسعەد شەیبانی، وەزیری دەرەوە، محەممەد یۆسر، وەزیری دارایی و پارێزگاری بانکی ناوەندی سووریا سەردانی ئەمەریکا دەکەن.
بە گوێرەی زانیارییەکانی ڕۆیتەرز، ئەو بەرپرسانەی سووریا ڤیزای ئەمەریکایان پێ دراوە، ئەمەش جاری یەکەمە لە دوای نزیکەی 15 ساڵ بەرپرسانی باڵای سووریا سەردانی ئەمەریکا بکەن.
بە گوێرەی هەمان سەرچاوە، لە دیدارەکانیشیان لە ئەمەریکا بەرپرسانی حکوومەتی ڕاگوزەری سووریا هەوڵی کەمکردنەوەی سزاکانی سەر وڵاتەکەیان دەدەن.
ئەمە لە کاتێکدایە، ڕۆژی 18-03-2025، لە کۆنفرانسی تایبەت بە بنیاتنانەوەی سووریا لە برۆکسل، ناتاشا فرانچێسکی، جێگری یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا بۆ کاروباری سووریا لەگەڵ ئەسعەد شەیبانی، وەزیری دەرەوەی سووریا کۆ بووەوە.
رۆیتەرز دەڵێت، فرانچێسکی بە شەیبانی ڕاگەیاندووە، بۆ ئەوەی بەشێک لە سزاکانی سەر دیمەشق هەڵبگیرێن، پێویستە سووریا پاشماوەی چەکە کیمیاییەکانی لەنێو ببات و لە شەڕی دژی تیرۆر هاوکاری واشنتن بکات.
ئەمە لە کاتێکدایە، بەهۆی شەڕ نێوخۆی سووریا کە 14 ساڵی خایاند، ئابووریی وڵاتەکە داڕماوە و بەرپرسانی نوێی سووریا چەندان جار داوایان کردووە سزاکانی سەر دیمەشق بە تەواوی هەڵبگیرێن.