ئەمڕۆ هەڵبژاردنەکانی فینلاند بەڕێوە دەچێت و نۆ کوردیش بەربژێرن

لە فینلاند هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی شارەوانی و ئەنجوومەنی ناوچەكان بەڕێوە دەچێت، بەهۆی سەقامگیریی دۆخی سیاسی و پێشکەوتوویی وڵاتەکە لە پرۆسەی دیموکراسیدا، فینلاند دڵخۆشترین وڵاتی جیهانە و لە هەڵبژاردنی ئەمساڵدا نۆ کورد خۆیان بەربژێر کردووە، لەو نۆ بەربژێرە، هەشتیان خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستانن.

هەڵبژاردنی ئەمجارە نەك تەنیا بۆ فینلاندییەکان، بەڵکو بۆ کوردیش گرنگییەکی تایبەتی هەیە، چونکە چەندین کاندید تێیدا بەشدارن، ئەو وڵاتەی کە هەشت ساڵە بە دڵخۆشترین وڵاتی جیهان دادەنرێت، هەمیشە سەقامگیریی پرۆسەی سیاسی و دیموکراسی هۆکار بووە لە پێشەنگی وڵاتانی جیهان بێت.

فینلاند لە 19 هەرێم و 310 شارەوانی پێک دێت، وڵاتێکی کۆمارییە و حوکمڕانییەکەی بەسەر دەسەڵاتی جێبەجێکار واتە حکوومەت، سەرۆکایەتیی کۆمار، پەرلەمان و دادوەری دابەش بووە، دەسەڵاتی سەرەکی لەو وڵاتە پەرلەمانە و چوار ساڵ جارێك هەڵبژاردن لەو وڵاتە بەڕێوە دەچێت.

بڕیارە ئەمڕۆ یەکشەممە، 13 نیسان، هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی شارەوانی و ئەنجوومەنی ناوچەکان بەیەکەوە بەڕێوە بچێت، لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی ناوچەکان 10 هەزار و 97 کەس خۆیان بەربژێر کردووە.
هەروەها لە ئەنجوومەنی شارەوانییەکان 29 هەزار و 950 کەس خۆیان بەربژێر کردووە، نۆ بەربژێریان کوردن.

کاندیدە کوردەکان برتیتن لە:

موهیس ئەزیزی خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستانە و بۆ پارتی هاوپەیمانی نیشتیمانی (کۆکوموس) کاندیدە بۆ شاری تورکۆ، شەهێن ئەحمەد زادە، فەرزەندە قادری، تەوار سالاری، سەمیرە نوری، بورهان ئەحمەدی هەموویان خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستانن و کاندیدی پارتی سۆشیال دیموکراتن بۆ شاری تورکۆ.

هەروەها کەریم حەبیبی خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستانە و بۆ پارتی سۆشیال دیموکرات کاندیدە لە شاری ڤاسا، ئەفشین وەیسی خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستانە و کاندیدی پارتی یەکێتی چەپەکانی فینلاندە بۆ شاری ڕایسیۆ لەگەڵ عەبدولقادر جەعفەر خەڵکی ڕۆژئاوای کوردستانە و بۆ پارتی سۆشیال دیموکرات کاندیدی شاری لەهتە.