چنار سەعد عەبدوڵلا: لە کۆمەڵگای دیموکراسی هەڵبژاردنی ئافرەت کۆڵەکەی سیستەمی دیموکراسییە

وێنەی چنار سەعد عەبدوڵلا، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی دیموکراتی کوردستان
وێنەی چنار سەعد عەبدوڵلا، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی دیموکراتی کوردستان

ئەندامێکی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕایگەیاند، ئامانج لەم کۆنفرانسە کۆمەڵێک خاڵی گرنگ و بنیاتنەرە، دەمانەوێت دراسەی ڕەوش و پێگەی ئافرەت بکەین، لەناو ڕێکخستنەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان، تا چەند  ئافرەت توانیویەتی وەکو توێژێکی گرنگی کۆمەڵگا لە سەنگ و پێگەی خۆی لەناو  ڕێکخستنەکاندا دروست بکات.

یەکشەممە، 13ـی نیسانی 2025، د. چنار سەعد عەبدوڵلا، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی و بەرپرسی دراسات و پێگەیاندنی پارتی دیموکراتی کوردستان، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، لە ژێر دروشمی "بە تواناکانمان داهاتوومان بنیات دەنێین"، ئێمە یەکەم کۆنفرانسی ئافرەتانی کوردستان دەبەستین.

ئەو ئەندامە دەڵێت: ئامانج لەم کۆنفرانسە کۆمەڵێک خاڵی گرنگ و بنیاتنەرە، یەکێکیش لەوانە؛ ئێمە دەمانەوێت دیراسەی ڕەوش و پێگەی ئافرەت بکەین، لەناو ڕێکخستنەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان، تا چەند ئافرەت توانیویەتی وەکو توێژێکی گرنگی کۆمەڵگا لە سەنگ و پێگەی خۆی لەناو  ڕێکخستنەکاندا دروست بکات، ئەگەر دروستی کردووە چۆن پەرەی پێ بدەین، ئەگەر گرفت هەیە، چۆن ئەم گرفتانە چارە بکەین.

دەشڵێت: خاڵێکی دیکەی زۆر گرنگ ئەویش پەیوەندیی بە ئافرەت و هەڵبژاردنە، هەڵبژاردنی ئافرەت لە کۆمەڵگای دیموکراسی کۆڵەکەی سیستەمی دیموکراسییە. ئافرەت وەکو دەنگدەر، بەشدار، کاندید، بریکاری سیاسی، چەن چالاکن لەناو ئەوکارە، چۆن ڕۆڵ دەبینن، بە تایبەت ئافرەتانی پارتی دیموکراتی کوردستان، تا چەند کێشە و گرفت هەیە، بەتایبەت ئەوەی کە پەیوەندیی بە کاندیدە ئافرەتەکانە، زۆرجار لەکاتی پرۆسەکان دەبنە قوربانی میدیا و سۆشیال میدیا، لە دەرئەنجامی کاندیدە ڕکابەرەکان، هەر بۆیە لاوازترین بەش لە کۆمەڵگای ئێمەدا ئافرەتە. 

چنار سەعد عەبدوڵلا باسی خاڵی دیکەی گرنگی کرد کە ئەویش خودی ڕێکخراوی یەکێتی ئافرەتانە، تا چەند وەکو قوتابخانەیەک هەوڵی داوە ئافرەت پێ بگەیەنێت، کە ئێستا لە ئانوساتی دامەزراندنی کابینەی نوێی حکوومەتی هەرێمی کوردستانین.

هەروەها گوتیشی: دەمانەوێت لەم کۆنفرانسەوە پەیامی پارتی دیموکراتی کوردستان بدەینە کۆمەڵگای کوردستان و کۆمەڵگای نێودەوڵەتی بەوەی کە پارتی دیدگای تایبەتی بە خۆی هەیە، لەگەڵ پرسی ئافرەت لە حوکمڕانی ئایندە.

باسی لەوەش کرد، ئەم کۆنفرانسە لەسەر پشتیوانی و پاڵپشتیییەکی بەهێزی سەرۆک بارزانیی دەکرێت، هەرچەندە لە ڕابردووشدا پشتیوان و پاڵپشتی پرسی ئافرەت بووە، بۆیە پاڵپشتی ئەوان وەک سەرکردەی پارتی لەم پرۆسەیەدا، ئاماژەیە بەوەی پرسی ئافرەت زیاتر بەرەو پێش دەڕوات، پارتی دیموکراسی کوردستان بەراستی خۆی کردووە بە خاوەنی پرسی ئافرەتانی کوردستان، دەیەوێت ئەم پرۆسەیە بەرەو پێشەوە بڕوات.

ئاماژەی بەوەش دا، لە کابینەکانی ڕابردوو ئافرەتان بەپێی ژمارە، سەنگ و پێگەی بەرچاویان هەبووە، وەک؛ پۆستی وەزیر، وەکیل وەزیر، بەڕێوەبەری گشتیی لە پلە تایبەتەکان، بەڵام ئێمە لەم کۆنفرانسە گفتوگۆی ئەوە دەکەین چۆن ئەم ڕێژەیە بەرز بکەینەوە، چۆن ئافرەتانی ئێمە بتوانن وەک کارامەیی وەک توانا ئەمڕۆ لە مەیدان بن هێزێکی زۆر گرنگی مرۆیین، تا بتوانن بێنە ناو هەموو دامەزراوەکان و ڕۆڵی خۆیان بگێڕن و خزمەتی کۆمەڵگا بکەن.

چنار سەعد عەبدوڵلا ڕاشیگەیاند "ئەم کۆنفرانسە تایبەتمەندییەکەی ئەوەی تەنیا ئافرەتانی پارتی دیموکراتی کوردستان بەشدارن، ئافرەتانی پارتی ڕێژەیان زۆرە، بەڵام لەبەر بچووکی شوێنەکە نەمانتوانیوە بانگێشتی هەموو ئافرەتانی پارتی بکەین. ئەوانەی ئەمڕۆ لێرەن نوێنەرایەتیی هەموو ئافرەتانی پارتی و کوردستان دەکەن، خۆمان بە نوێنەری ئەوان دەزانین، چونکە داکۆکی لە پرسێک دەکەین کە پرسی هەموومانە".

 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment