جوان ڕۆژبەیانی: دەمانەوێت کێشە و گرفتە کەڵەکەبووەکان دەستنیشان بکرێن

ئەندامێکی لیژنەی ئامادەکاریی کۆنفرانسی ئافرەتانی کوردستان، ڕایگەیاند، دەمانەوێت ئەو کێشەو گرفتانە دەستنیشان بکرێن کە لەناو ئۆرگانی پارتی دیموکراتی کوردستان و پایەکانی حکوومەتدا کەڵەکەبوونە و نەتوانراوە چارە بکرێن.
یەکشەممە، 13ـی نیسنای 2025، جوان ڕۆژبەیانی، ئەندامی لیژنەی ئامادەکاریی کۆنفرانسی ئافرەتانی کوردستان، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، لەگەڵ بەرەو پێشچوونی سەردەم، پێویستە گۆڕان لە بەرنامە و ئیش و کار بە پێی سەردەمەکە بکرێت.
ئەو ئەندامە دەڵێت: ئافرەتێکی زۆر لەناو ئۆرگانەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان هەن، بەڵام زۆرجار ڕەنگە ئەو ڕۆڵەیان پێ نەدراوە کە پێویستە پێیان بدرێت، ئافرەتی بەتوانامان هەیە.
دەشڵێت: دەستمان کرد بەوەی کە کۆنفرانسێک ساز بکرێت، لەسەر ئاستی ئەندامانی کۆمیتەی ناوەندیی بە سەرپەرشتیی ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان، تاکوو ئەو کێشەو گرفتانە دەستنیشان بکرێن کە لەناو ئۆرگانی پارتی دیموکراتی کوردستان و پایەکانی حکوومەتدا کەڵەکە بوون و نەتوانراوە چارە بکرێن.
ئاماژەی بەوەش دا، لەماوەی سێ مانگدا، پێنج تەوەر ئامادە کراون، کە ئێستا بەشێوەی پانێل لە ماوەی پێنج ڕۆژدا پەخش دەکرێت و ئاراستەی ئامادەبووان دەکرێت.
جوان ڕۆژبەیانی ڕاشیگەیاند "ڕاپرسی، توێژینەوە و چاوپێکەوتن کراوە و دەست لەسەر هەموو کێشە و گرفتەکان دانرا، کە چی پێویستە بۆلەمەودوا بۆ ئافرەتان بکرێت، ئەو ڕاسپاردانە لە کۆنفرانسەکەدا ئامادە دەکرێت و ئاراستەی ئۆرگانەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان کە لە ژێر چاودێریی سەرۆک بارزانیدا دەبێت و کاری لەسەر دەکرێت."