وەزارەتی دەرەوەی ئێران تەوەری دانوستانەکانی گەڕی داهاتووی لەگەڵ ئەمەریکا ئاشکرا کرد

ئەمڕۆ یەکشەممە، وەزارەتی دەرەوەی ئێران ڕایگەیاند، دانوستانەکانی داهاتوو لەگەڵ ئەمەریکا، بڕیارە کۆتایی هەفتەی داهاتوو بەهەمان شێوەی ناڕاستەوخۆ بەڕێوە بچێت. ئاماژەی بەوەش کرد، دانوستانەکە بە نێوەندگیریی عوممان و تەنیا لەسەر پرسی ئەتۆمی و هەڵگرتنی سزاکان دەبێت.

ئیسماعیل بەقائی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران بەتەلەڤزیۆنی فەرمیی وڵاتەکەی ڕاگەیاندووە، دانوستانەکان بە ناڕاستەوخۆ و بە نێوەندگیریی عوممان بەڕێوە دەچێت، بەڵام ئێمە تاوتوێی شوێنی دانوستانەکانی داهاتوو دەکەین. گوتیشی: گفتوگۆکان تەنها دەربارەی پرسی ئەتۆمی و هەڵگرتنی سزاکان دەبێت.

ڕۆژی شه‌ممه‌، 12ـی نیسانی 2025، دانوستانی شاندی ئێران به‌ سه‌رۆكایه‌تیی عه‌باس عراقچی، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ و ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتی سەرۆکی ئەمەریکا بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە مەسقەتیی پایتەختی عوممان بەڕێوە چوو.

دوای کۆبوونەوەکە عراقچی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس نووسیویەتی: کۆبوونەوەکەی لەگەڵ ویتکۆف، لە کەشێکی ئەرێنی و ڕێزگرتن لەگەڵ یەکتر بەڕێوە چوو؛ ئاماژەشی داوە، لە کۆبوونەوەکەدا لەسەر بنەمای هەماهەنگی زیاتر، دیدگای ئێرانی لەبارەی کێشەکان بە ڕوونی خستەڕوو.

دووپاتیشی کردووتەوە، ئەمەریکا و ئێران بڕیاریان دا، لە چەند ڕۆژی داهاتوو  بۆ جاری دووەم کۆببنەوە.

لای خۆشیەوە ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتی دۆناڵد ترەمپ بۆ کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی, دووپاتی کردووە، دانوستانەکە لەگەڵ ئێران ئەرێنی بوو، گوتیشی: ئەمڕۆ دەگەڕێمەوە واشنتن و بەر لە بەڕێوە چوونی قۆناغی دووەمی دانوستانەکە، ڕاوێژ لەگەڵ ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ دەکەم.