کارمەندێکی بەرگری شارستانی لەکاتی پشوودا منداڵێکی ساوا لە سووتان رزگار دەکات
زامدار بووە، بەڵام گەڕاوەتەوە سەر کارەکەی

K24 - هەولێر
کارمەندێکی بنکەی بەرگریی شارستانی خەلیفان لەکاتێکدا لە پشووی خۆی بوو و بەمەبەستی گەشتکردن روویکردبووە هاوینەهەواری وەرتێ، منداڵێکی ساوای لە سووتان رزگارکرد.
موقەدەم بەیار باڵەکی، بەڕێوەبەری راگەیاندنی بەرگریی شارستانی سۆران بە کوردستان 24ـی راگەیاند "رزگار محەمەد سێودێنی، پۆلیسە لە بەرگریی شارستانی خەلیفان لەکاتێکدا لە پشووی خۆی بووە لە هاوینەهەواری وەرتێ ئاگر لە ژێر کەپرێکی گەشتیاران کەوتووەتەوە و ئەو کوژاندوویەتییەوە".
رووداوەکە هەیینی رابردوو (24-7-2020) روویداوە و سەرچاوەی ئاگرەکە، غازێکی بچووک بووە، کە زۆرجار هاووڵاتییان لە کاتی سەیراندا بۆ ئامادەکردنی خۆراک بەکاریدەهێنن.
بەڕێوەبەرەکەی راگەیاندن باس لەوە دەکات "رزگار محەمەد، بە دەست سەری غازەکەی جیاکردووەتەوە و ئاگرەکەی کوژراندووەتەوە، کەپرەکە بەهۆی ئاگرەکە چۆڵ بووە و تەنیا منداڵێکی ساوا لەنێو لانک بەجێماوە، کە لەلایەن پۆلیسەکەوە رزگارکراوە".
وەک لە وێنەکان دەردەکەوێت، کارمەندەکەی بنکەی بەرگریی شارستانی خەلیفان کەمێک دەست و پێی سووتاوە، بەڵام بەگوتەی موقەدەم بەیار "سووتانەکە زۆر نەبووە و پۆلیسەکە گەڕاوەتەوە سەر کارەکەی".
هـ.ر.