هێگسێت: ئەگەر دانوستانەکانمان لەگەڵ ئێران شکستی هێنا لە ڕێگەی دیکەوە پرسەکە چارە دەکەین

پیت هێگسێت، وەزیری بەرگریی ئەمەریکا
پیت هێگسێت، وەزیری بەرگریی ئەمەریکا

وەزارەتی بەرگریی ئەمەریکا ئاشکرای کرد، ئەمەریکا هیوای چارەیەکی دیپلۆماسی هەیە بۆ ئەوەی ئێران نەتوانێت چەکی ئەتۆمی دروست بکات و ئەگەر ئەو کارەش شکستی هێنا، ئەوا بۆ هەر ئەگەرێکی دیکە ئامادەن.

یەکشەممە 13ـی نیسانی 2025، پیت هێگسێت، وەزیری بەرگریی ئەمەریکا، لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفیزیۆنیدا ڕایگەیاند: ترەمپ زۆر جدییە لە ئەگەری پەنابردن بۆ چارەی سەربازی بۆ ڕێگریکردن لە ئێران لە بەدەستهێنانی چەکی ئەتۆمی.

هاوکات دەڵێت: ئەگەر دانوستانەکانمان لەگەڵ ئێران شکستی هێنا لە ڕێگەی دیکەوە پرسەکە چارە دەکەین، چونکە ئەمەریکا هیوای چارەیەکی دیپلۆماسی هەیە، بەڵام هیوادارم دۆخەکە تا ئەو ئاستە پەرە نەسێنێت کە بیر لە بژاردەی دیکە بکرێتەوە.

پیت هێگسێت، دانوستانەکانی عوممانی بە ئەرێنی و بەرهەمدار پێناسە کرد و گوتی: هەنگاوێکی باشە بۆ گەیشتە ڕێککەوتن.

شەممە 12ـی نیسانی 2025، عەباس عراقچی و ژمارەیەک لە بەرپرسانی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، لەگەڵ ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتی سەرۆکی ئەمەریکا بۆ کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لە مەسقەتی پایتەختی عوممان کۆبوونەوەیەکی ناڕاستەوخۆیان ئەنجام دا.

کۆشکی سپی، لەبارەی کۆبوونەوەی عەباس عراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران و ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتی ترەمپ بۆ کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لە ڕاگەیاندراوێکدا ئاشکرای کرد، دانوستانەکانی نێوان هەردوولا ئەرێنی و بنیاتنەر بوون.

لە ڕاگەیاندراوەکەدا باس لەوەش کرابوو، ویتکۆف دڵنیایی دایە عراقچی کە ڕێنمایی لە ترەمپ وەرگرتووە بۆ چارەکردنی ناکۆکییەکانی نێوان هەردوو وڵات لە ڕێگەی دیالۆگەوە.

کۆشکی سپی، ئاماژەی بەوەش دا، عراقچی و ویتکۆف ڕێککەوتن کە دووبارە شەممەی داهاتوو پێکەوە کۆببنەوە.

 
Fly Erbil Advertisment