هه‌ولێر.. جوان حاجۆ و نانسی عه‌جره‌م له ڕێوڕه‌سمی كردنه‌وه‌ی پرۆژه‌ی پاڤیلۆن بای ڕامس به‌شدار ده‌بن

هه‌ر یه‌ك له هونه‌رمه‌ندان جوان حاجۆ و نانسی عه‌جره‌م له ڕێوڕه‌سمی كردنه‌وه‌ی پرۆژه‌ی پاڤیلۆن بای ڕامس به‌شدار ده‌بن و به گۆرانییه‌كانیان پێشوازیی له میوانانی ڕێوڕه‌سمه‌كه ده‌كه‌ن.
بڕیار وایه ڕۆژانی 17 و 18ـی ئه‌م مانگه، پرۆژه‌ی پاڤیلۆن بای ڕامس كه به سه‌رپه‌رشتیی كۆمپانیای ڕامس گڵۆباڵی توركی بونیات ده‌نرێت، ڕێوڕه‌سمێكی گه‌وره بۆ ده‌ستپێكردنی پرۆژه‌كه‌ی بكات.
له ڕێوڕه‌سمه‌كه‌دا كه به‌رپرسانی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌شداریی تێدا ده‌كه‌ن، له ڕۆژی یه‌كه‌مدا واته 17ـی نیسان، هه‌ر یه‌ك له هونه‌رمه‌ندان جوان حاجۆ، هونه‌رمه‌ندی ڕۆژئاوای كوردستان و نانسی عه‌جره‌م، هونه‌رمه‌ندی لوبنان و ئه‌نادۆڵو ئاتێشی كه یه‌كێكه له گه‌وره‌ترین گرووپه‌كانی سه‌مای توركیا و جیهان، به گۆرانی و هونه‌ره‌كانیان پێشوازیی له به‌شداربووانی ڕێوڕه‌سمه‌كه ده‌كه‌ن.
هاوكات و له ڕۆژی دووه‌می ڕێوڕه‌سمه‌كه‌دا چۆپی فه‌تاح و ده‌لیل دیلانار و گرووپی كامكاران له‌سه‌ر سته‌یج گۆرانی و كۆنسێرتی ناوازه بۆ به‌شداربووان و خه‌ڵكی هه‌ولێر ساز ده‌كه‌ن.
ڕێوڕه‌سمه‌كه له ناوه‌ندیی سه‌ره‌كی پاڤیلیۆن بای ڕامس به‌ڕێوه ده‌چێت و له ڕێگه‌ی چه‌ندین نمایشی جیاوازه‌وه ئیڤێنتێكی گه‌وره بۆ ئاماده‌بووان ڕێك ده‌خه‌ن.
له لایه‌كی دیكه‌وه بوڕاك ئۆزجیڤیت ده‌بێته میوانی شه‌ره‌فی ڕێوڕه‌سمه‌كه و به‌شداریی له چالاكییه‌كانی ده‌كات.