توركیا.. بەهۆی بەفرهوه سبەی دەرگای قوتابخانەکانی مووش دادەخرێت

لە مووشی باکووری کوردستان بەهۆی بارینی بەفرێکی زۆرەوە سبەی دووشەممە، دەرگای قوتابخانەکان ناکرێنەوە.
یەکشەممە، 13ـی نیسانی 2025، لە ڕاگەیاندراوێکدا پارێزگای شارەکە ڕایگەیاندووە: بەگوێرەی پێشبینییەکانی کەشناسیی ناوچەکە بەفر سبەی دووشەممە بەردەوامی دەبێت.
لە ڕاگەیاندراوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە، لە سەرجەم قوتابخانە حکوومی و تایبەتییەکان، بەدەر لە زانکۆکان پشووی فەرمی دەبێت بەهۆی بارینی بەفرێکی زۆر.
باس لەوەش کراوە، هەموو ئەو فەرمانبەرانە مۆڵەت دەبن: ئەو ئافرەتانەی دووگیانن، خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان، ئەوانەی نەخۆشی درێژخایەنیان هەیە، ئەو فەرمانبەرە ئافرەتانەی منداڵەکانیان لە باخچەی ساوایانن یان لە قوتابخانە دەخوێنن.
مووش یەکێکە لە پارێزگاکانی تورکیا و شارێکی کوردییە و دانیشتووانی لە کورد پێک هاتوون بەهۆی هەڵکەوتەی جوگرافیایی شوێنەکە ساڵانە بەفرێکی زۆری لێ دەبارێت.