ئەکسیۆس: ویتکۆف و عراقچی 45 خولەک ڕووبەڕوو گفتوگۆیان کردووە

شەممەی داهاتوو گەڕی دووەمی دانوستانی ئێران و ئەمەریکا لە ڕۆما بەڕێوە دەچێت

لە مەسقەت ویتکۆف و عراقچی ڕاستەوخۆ گفتۆگۆیان کردووە، بڕیاریشە گەڕی دووەمی دانوستانەکانی شاندی باڵای ئەمەریکا و کۆماری ئیسلامیی ئێران سەرەتای هەفتەی داهاتوو لە ڕۆمای ئیتاڵیا بەڕێوە بچیت و بەرنامەی ئەتۆمی تاران خاڵی سەرەکی گفتوگۆکان دەبێت.

ئاژانسی ئەکسیۆس، لە زاری دوو سەرچاوەی نزیک و ئاگادار لە دانووستانەکان ئاشکرای کردووە، بڕیارە ڕۆژی شەممە 19ی ئەم مانگە، گەڕی دووەمی دانوستانەکانی نێوان ئێران و ئەمەریکا لەسەر بەرنامەی ئەتۆمی لە ڕۆما بەڕێوە بچێت.

هەر بە گوێرەی زانیارییەکانی ئاژانسە ئەمەریکییەکە، لە گەڕی یەکەمی دانوستان، کە شەممە 12ی ئەم مانگە لە سەڵتەنەی عوممان بەڕێوە چوو، ئیدارەی ترەمپ ئامانجی خۆی پێکاوە و توانی شێوازی دانوستان لە ناڕاستەوخۆ بۆ ڕاستەوخۆ و ڕووبەڕوو بگۆڕیت.

بە گوتەی ئەو دوو سەرچاوەی بۆ ئەکسیۆس قسەیان کردووە، پێچەوانەی لێدوان و هەڵوێستەکانی پێشوو، عەباس عراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران لە مەسقەت بۆ ماوەی 45 خولەک لەگەڵ ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتی دۆناڵد ترەمپ ڕاستەوخۆ و ڕووبەڕوو گفتوگۆیان کردووە.

ئاماژەیان داوە، ئەو دانوستانە ڕاستەوخۆیە لە نێوان شاندی باڵای ئەمەریکا و ئێران لە هەشت ساڵی ڕابردوودا، بە بەرزترین ئاستی پەیوەندی دیبلۆماتی نێوان تاران و واشنتن دادەنرێت، ئەمەش فاکتەرێکی کاریگەرە بۆ ئەوەی دانوستانەکانی ڕێچکەی جددی و ئەرێنی بگرنەبەر.

هەروەها ڕۆژی یەکشەممە، ویتکۆف ناوەرۆکی گفتوگۆکانی لەگەڵ شاندی ئێران بۆ دۆناڵد ترەمپ باس کردووە. 

هەر بە گوێرەی زانیارییەکانی ئەکسیۆس، گۆڕینی شوێنی دانوستانە لە عوممانەوە بۆ ئیتاڵیا لەسەر داوای دۆناڵد ترەمپ بووە و بە گوتەی چەند سەرچاوەیەکی دیکە، چاوەڕوان دەکرێت گەڕی دووەمی دانوستان لە ڕۆما بەشێوەی ڕاستەخۆ و ڕووبەڕوو بەڕێوە بچێت.

 
 
 
Fly Erbil Advertisment