بڕیارە ئه‌مڕۆ په‌رله‌مانی عێراق ده‌نگ له‌سه‌ر به‌پارێزگابوونی هه‌ڵه‌بجه بدات

په‌رله‌مانی عێراق ئه‌مڕۆ دووشەممە 14ی نیسانی 2025، له‌سه‌ر چه‌ند تەوەرێک كۆ دەبێته‌وه و تەوەری یەکەمیش ده‌نگدانە لەسەر بە پارێزگابوونی هه‌ڵه‌بجه.
بە گوێرەی ئەو کارنامەیەی فەرمانگەی میدیا و زانیاریی پەرلەمانی عێراق بڵاوی کردووەتەوە، کۆبوونەوەی ئەمڕۆی پەرلەمان شه‌ش ته‌وه‌ر لەخۆ دەگرێت و ته‌وه‌ری یه‌كه‌م، دەنگدانە لەسەر یاسای به پارێزگابوونی هه‌ڵه‌بجه.
ئه‌مه له‌كاتێكدایه له مانگی ئاداری ڕابردوو به‌هۆی ته‌واو نه‌بوونی ڕێژەی یاسایی، کۆبوونەوەکە دوا خرا.
پێشتریش جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، شاخەوان عەبدوڵلا ڕایگه‌یاند بوو، نابێت هیچ پرۆژە و یاسایەکی دیکە بە پرۆژە یاسای بە پارێزگابوونی هەڵەبجەوە ببەسترێتەوە.
هەروەها ڕایگەیاندبوو، هیچ کۆبوونەوەیەکی دیکەی پەرلەمان ناکرێت، ئەگەر هەڵەبجە لە یەکەم بڕگەی بەرنامەی کاردا نەبێت.
هەر لە بارەی کۆبوونەوەکە، چرۆ شەریف، ئەندامی پەرلەمانی عێراق بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، هەردوو سەرکردایەتیی پارتی و یەکێتی ڕێککەوتنی سیاسیان لەگەڵ لایەنە شیعە و سوننەکان کردووە، بۆ ئەوەی لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆدا دەنگ بە پرۆژە یاسای بە پارێزگابوونی هەڵەبجە بدەن، لایەنەکانیش بەڵێنیان داوە.
گوتیشی: شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگری سەرۆکی پەرلەمان لە چوارچێوەی هەوڵەکان ڕۆڵێکی گرنگ و کارای هەبووە.
پرۆژە یاسای بە پارێزگابوونی هەڵەبجە لە 2ـی نیسانی 2023، لە پەرلەمانی عێراق خوێندنەوەی یەکەم و لە 4ـی ئایاری 2023، خوێندنەوەی دووەمی بۆ کراوە.
پارێزگای هەڵەبجە لە قەزای ناوەندی هەڵەبجە و شارەدێکانی خورماڵ، بیارە، سیروان و بەمۆ پێکهاتووە و بە درێژایی 18 کیلۆمەتر هەردوو دەروازەی شوشمێ - تەوێڵە و پشتە لەگەڵ ڕۆژهەڵاتی کوردستان هاوسنوورە.