زێلێنسکی بۆ ترەمپ: پێش ئەوەی بڕیاری ڕاگرتنی شەڕ بدەیت وەرە ئۆکرانیا ببینە

ڤۆلۆدیمێر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا، لە چاوپێکەوتنێکدا کە لەلایەن تۆڕی سی بی ئێسی ئەمەریکاوە پەخش کرا، بانگهێشتی هاوتا ئەمەریکییەکەی کرد، سەردانی ئۆکرانیا بکات تاوەکوو ئەو وێرانکارییانە ببینێت کە ڕووسیا بەسەر وڵاتەکەی هێناوە.
زێلێنسکی لە پەیامەکەیدا بۆ ترەمپ، گوتی: "دەمانەوێت تۆ بێیت و بیبینیت، تۆ پێت وایە تێدەگەیت کە لێرە چی دەگوزەرێت؟ باشە، ئێمە ڕێز لە بڕیارەکەت دەگرین." ئاماژەی بەوەش کرد "بەڵام تکایە، پێش ئەوەی هەر جۆرە بڕیارێک بدەیت، پێش هەر جۆرە دانوستانێک،
وەرە خەڵک ببینە، خەڵکی سڤیل، سەربازەکان، نەخۆشخانەکان، کڵێساکان، منداڵەکان، وەرە و بیبینە، دواتر با گفتوگۆ لەسەر پلانی کۆتاییهێنان بە جەنگ بکەین."
زێلێنسکی جەختی کردەوە، سەرۆکی ئەمەریکا تێ دەگات کە ڤلادیمێر پوتین، سەرۆکی ڕووسیا چی کردووە" دەشڵیت: "ناتوانرێت متمانە بە پوتین بکرێت".
ڕوونیشی کردەوە "لە چەند بۆنەیەکدا ئەمەم بە سەرۆک ترەمپ گوتووە، پوتین هەرگیز نەیویستووە شەڕەکە بوەستێنێت، هەرگیز نەیویستووە ئێمە سەربەخۆ بین، پوتین دەیەوێت بە تەواوی لەناومان ببات."