ئیسرائیل ئامادەكاری بۆ تۆڵەسەندنەوە لە هێرشەكەی حزبوڵڵا دەكات

رووبەڕووبوونەوەی چەكداری لە نێوان هەردوو لا روویداوە

K24- هەولێر:

گرژییەكانی نێوان ئیسرائیل و حزبوڵڵای لوبنانی لە ناوچەی مەزارع شەبعا لە سەر سنووری نێوان ئەو دوو وڵاتە روو لە هەڵكشانە، ئەمەش دوای ئەوەی حزبوڵڵا كردەیەكی سەربازی لە دژی سوپای ئیسرائیل ئەنجامدا.

میدیای ئیسرائیلی ئاشكرای كرد، "ئەمڕۆ بەهۆی گرژییەكانی سەر سنووری لوبنان، فڕۆكەخانەی روش بینا لە باكووری وڵاتەكەیان داخراوە"، هاوكات سوپای ئیسرائیل ئاماژەی بەوە داوە، "ئەمڕۆ شكستیان بە هەوڵێكی دزەكردنی گروپێكی چەكداری بە درێژایی سنووریان لەگەڵ لوبنان هێناوە".

پێشتر هەر ئەمڕۆ ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز بڵاویكردەوە، "رووبەڕووبوونەوە چەكداری لە نێوان سوپای ئیسرائیل و حزبوڵڵای لوبنانی لە سەر سنووری نێوان هەردوو وڵات روویداوە"، لەكاتێكدا سەرچاوەیەكی لوبنانی بە ئاژانسەی راگەیاندبوو، "حزبوڵڵای لوبنانی لە ناوچەی مەزارع شەبعا مووشەكێكی ئاراستەی بارهەڵگرێكی ئیسرائیل كردووە".

لە بەرامبەریشدا میدیای فەرمیی لوبنانی رایگەیاند، "تۆپخانەكانی ئیسرائیل لە بەرزاییەكانی رۆژهەڵاتی شارۆچكەی كەفر شوبا تۆپبارانی ناو خاكی لوبنانیان كردووە"، ئاماژەی بەوەشدا، "فڕۆكە جەنگییەكانی ئیسرائیل بە چڕی لە ئاسمانی ناوچەی مەزارع شەبعای باشووری لوبنان دەخولێنەوە".

میدیا جیهانییەكانیش ئاماژە بە بوونی رووبەڕووی چەكداری لە نێوان هەردوو لا لە ناوچەكە دەكەن و بە گوتەی سەرچاوە هەواڵییەكان، ئیسرائیل هۆشداری داوەتە هەریەك لە سووریا و لوبنان.

‌H.B