سعوودیە چەند ڕێنماییەکی نوێی بۆ وەرزی حەج ڕاگەیاند

ئەمڕۆ دووشەممە، 14ـی نیسانی 2025، وەزارەتی گەشتوگوزاری سعوودیە سەرجەم دامەزراوە میواندارییەکانی شاری مەککەی ڕاسپارد لە وەرزی حەجدا شوێنی نیشتەجێبوون بۆ زیارەتکارانی بێمۆڵەتی حەج یان ئەوانەی مۆڵەتی کارکردن و ئیقامەیان هەیە، لە وڵاتەکەدا قەدەغە بکەن. قەدەغەکردنەکە لە 29ـی نیسانەوە تا کۆتایی وەرزی حەج کاری پێ دەکرێت.
وەزارەتەکە لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە کردووە؛ ئەو بڕیارە هاوکاتە لەگەڵ ئەو ڕێکخستن و ڕێکارییانەی کە وەزارەتی ناوخۆ ڕایدەگەیەنێت بە ئامانجی پاراستنی سەلامەتیی حاجیان بۆ ماڵی خودا و بتوانن زیارەتی حەج بە ئاسایش و ئاسانکاری و ئارامیی بکەن.
هەروەها ڕێگەنەدان بە چوونە ژوورەوەی ئەو کەسانەی کە ڤیزای هەمەجۆریان هەیە بۆ ناو شاری مەککە، جگە لەوانەی بە ڤیزەی حەج دەگەن، کە لە سێشەممە 29ـی نیسانی 2025وە دەست پێدەکات.
وەزارەتەکە ئاماژەی بەوەش کردووە، میوانداریی قەدەغەکراوە لەو کەسانەی کە لە ڕاگەیاندراوەکەی وەزارەتی ناوخۆدا هاتووە، ئەمەش وەک بەشێک لە پابەندبوونی وەزارەت بۆ دەستەبەرکردنی سەلامەتی و ئاسایشی حاجیانی حەج، وەک بەشێک لە هەوڵە یەکگرتووەکانی وەزارەت لەگەڵ دەزگاکانی دیکەی حکوومەت وەک ئامادەکارییەک بۆ وەرزی حەجی ساڵی 1446ـی کۆچی.
وەزارەتی گەشتوگوزار جەختی لەسەر پێویستی هەموو دامەزراوەی میوانداریی بە هەموو جۆرەکانییەوە لە شاری مەککە پابەندی ڕێکخستن و ڕێکارەکانی حوکمڕانیی وەرزی حەجی ئەمساڵ، 1446ـی کۆچی، و هاوکاریی لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان بۆ دڵنیابوون لە سەلامەتی و ئاسایشی میوانانی خودا، جەختی لەوەش کردەوە، سەرپێچیکردنی ئەم ڕێنماییانە تاوانباران بەرەوڕووی سزای یاسایی دەبێتەوە.