بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسیی ئەتۆمیی نێودەوڵەتی دەچێتە ئێران

ڕۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ ڕایگەیاندووە، ڕافایل گرۆسی، بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی، پێش دانوستانی گەڕی داهاتووی نێوان ئێران و ئەمەریکا سەردانی تاران دەکات.

دووشەممە، ڕۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ بڵاوی کردەوە، سەردانەکەی ڕافایل گرۆسی، بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم، پێش گەڕی داهاتووی دانوستانەکانی نێوان ئەمەریکا و ئێران کە بریارە ڕۆژی شەممەی داهاتوو لە ڕۆما بەڕێوە بچێت، دەچێتە تاران.

ئەم سەردانە بە هەنگاوێکی گرنگ لە هەوڵە دیپلۆماسییە بەردەوامەکان سەبارەت بە ڕێککەوتنی ئەتۆمی نێوان ئێران و ئەمەریکا دادەنرێت.

بڕیارە گرۆسی، لەگەڵ بەرپرسانی ئێران پرسەکانی پەیوەست بە هاوکاریی نێوان ئێران و ئاژانس و هەروەها دوایین پێشهاتەکانی بەرنامەی ئەتۆمی وڵاتەکە تاوتوێ بکات.

ئەم سەردانە، دوای گەڕی یەکەمی دانوستانەکانی نێوان ئێران و ئەمەریکا دێت، لە کاتێکدا هەوڵە دیپلۆماسییەکان بۆ زیندووکردنەوەی ڕێککەوتنی ئەتۆمی کە لە ساڵی 2015 ئیمزا کرابوو، بەردەوامن.

چاودێران پێشبینی دەرئەنجامە سیاسی و دیپلۆماسییەکانی ئەم سەردانە دەکەن، بەتایبەتی بە لەبەرچاوگرتنی دۆخی ئاڵۆز و ئاڵنگارییەکانی بەردەم ڕێککەوتنی ئەتۆمی.