شاندی دەم پارتی لەگەڵ وەزیری دادی تورکیا کۆ دەبێتەوە
دووشەممە، 14ـی نیسانی 2025، شاندی پارتی یەکسانی و دیموکراسی گەلان 'دەم پارتی' ڕۆژی 18ـی ئەم مانگە لە گەڵ وەزیری دادی تورکیا کۆ دەبێتەوە.
دەم پارتی لە ڕاگەیاندراوێکدا ئاشکرای کرد، شاندی دەم پارتی، ڕۆژی هەینی 18ـی نیسانی 2025، کاتژمێر 2:00 دوای نیوەڕۆ لەگەڵ وەزیری داد، یڵماز تونچ، لە وەزارەتی داد کۆ دەبێتەوە.
ئەو شاندەی کە لەگەڵ وەزیری داد کۆ دەبێتەوە، پێکهاتووە، لە سڕری سورەیا ئۆندەر و پەروین بوڵدان، گولستان کلیچ کۆچیغیت و سێزای تەمەلی سەرۆکانی فراکسیۆنی دەم پارتی لە پەرلەمان.
شاندی دەم پارتی، پێشتر لەگەڵ ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا کۆ بوونەوە، دوای ئەوەش ئاشکرایان کرد بەم نزیکانە لەگەڵ وەزیری داد کۆ دەبنەوە.
ڕۆژی شەممە، 12ـی نیسانی 2025، پەروین بوڵدان، پەرلەمانتاری دەم پارتی و ئەندامی شاندی ئیمرالی، لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، دوای کۆبوونەوەکەیان لەگەڵ ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا، پرۆسەی نوێی ئاشتی، خێراتر هانگاو دەنێت.
بوڵدان ئـــەوەشی خـــستە ڕوو، بۆ گەیاندنی ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکەیان بە ئۆجەلان، بەم نزیکانە دەچنەوە ئیمرالی و لەگەڵ عەبدوڵلا ئۆجەلان، ڕێبەری زیندانیکراوی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) کۆ دەبنەوە.
بە گوتەی ئەو ئەندامەی شاندی ئیمرالی، بۆ ئەوەی پرۆسەی نوێی ئاشتی بەرەو پێشەوە بچێت و بەردەوام بێت، پێویستە هەنگاوی یاسایی بنرێت و پەرلەمان بەرپرسیارێتی لە ئەستۆ بگرێت.
پەرلەمانتارەکەی دەم پارتی، لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا ئاماژەی بەوەش دا، سەبارەت بە هەنگاوە یاساییەکان و دروستکردنی زەمینەی یاسایی بۆ پرۆسەی نوێی ئاشتی، ئەم هەفتەیە لەگەڵ وەزیری دادی تورکیا کۆ دەبنەوە.