شەپۆلی دووەمی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە بەلژیکا زەنگێكی مەترسیدار لێ دەدات

رێكاری توند راگەیەندران.. هەر كەس پابەند نەبێت سزا دەدرێت

K24- برۆكسل:

دوای ئەوەی وەزارەتی تەندروستی بەلژیکا رایگەیاند، ئاستی مەترسی شەپۆلی دووەمی ڤایرۆسی کۆرۆنا لەوڵاتدا گەیشتووەتە ئاستی مەترسیدار و لەسەر نەخشەی وڵاتانی ئەوروپا بەلژیکا رەنگی سوری وەرگرتووە، ئەمڕۆ ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتیمانی بەلژیكا بە سەرۆکایەتی سۆفی ولیامس، سەرۆك وەزیرانی ئەو وڵاتە کۆبوونەوەی تایبەت بە بارودۆخی ڤایرۆسی کۆرۆنا ئەنجامدا و بڕیاردرا چەند رێوشوێنێکی توند بگیرێنە بەر .

بەگوێرەی رێكارە نوییەكان لە سبەیەوە بەستنی ماسك لە ھەموو شوێنەکانی ئەو وڵاتە دەبێتە ناچاری و ھەرکەسێك سەرپێچی بکات، بە بڕی 250 یۆرۆ سزا دەدرێت، ھەروەھا چالاکی و کۆبوونەوە گەورەکان سنوردار دەکرێنەوە و کۆبوونەوەی خێزان و دۆستانیش نابێت لە 5 کەس زیاتر بێت .

بەپێی ئامارەکانی سەنتەری بەرەنگاربوونەوە و کۆنتڕۆڵکردنی نەخۆشییەکانی بەلژیکا، زیاتر لە66 ھەزار کەس تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوونە و 9 ھەزار و 820 کەس گیانیان لەدەستداوە. تەنیا لە 24 کاتژمێری رابردوودا 300 حاڵەتی نوێی تووشبوون تۆمارکراون.

وڵاتانی ئەوروپا لەسەر نەخشە و لەرێگەی رەنگەكانەوە پلەبەندی بۆ ئاستی مەترسی بڵاوبونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنایان بۆ كراوە.

رەنگی سەوز = واتە ھیچ تووشبوویەكی نییە.

رەنگی زەرد = لەسەد ھەزار کەسێك زیاتر لە 20  تووشبوو لەو وڵاتەدا ھەیە.

رەنگی پرتەقاڵی = لەسەد ھەزار کەسێك زیاتر لە 60  تووشبوو لەو وڵاتدا ھەیە.

رەنگی سور = لەسەد ھەزار کەسێك زیاتر لە 120 تووشبوو  لەو وڵاتدا ھەیە.

H.B