فارس عیسا: تاوەکوو ئێستا هیچ کێشەیەک لە ناردنی مووچەدا نییە

نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدا ڕایگەیاند: هیچ کێشەیەک لە لیستی ناوی مووچەخۆرانی هەرێم نییە و داوا دەکەین مامەڵەیەکی سیاسی لەگەڵ هاووڵاتیانی هەرێم نەکرێت.
دووشەممە، 14ـی نیسانی 2025، فارس عیسا، نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدا بە کوردستان24ـی گوت: تاوەکوو ئێستا هیچ کێشەیەک لە ناردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان نییە و لە کاتی خۆیدا دەنێردرێت.
نوێنەری حکوومەتی هەرێمی كوردستان گوتیشی: بابەتی وردبینی لە لیستی مووچەدا هیچ کێشەیەکی نییە و پێشبینی دەکەین لەم هەفتەیە لیستی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بنێردرێتە وەزارەتی دارایی عێراق.
فارس عیسا گوتیشی، داوا دەکەین مامەڵەیەکی سیاسیی لەگەڵ هاوولاتییانی هەرێمی كوردستان نەکرێت، بەڵکوو وەک هاووڵاتییانی عێراق مامەڵەیان لەگەڵ بکرێت.