ئەمەریکا: ڕێککەوتن لەگەڵ ئێران لەسەر دوو مەرجە

ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتی کۆشکی سپی ڕایگەیاند، هەر ڕێککەوتنێکی دیپلۆماسی لەگەڵ ئێران پەیوەستە بە دوو مەرجەوە.
ویتکۆف, لە چاوپێکەوتنێکدا بە فۆکس نیوزی گوت: مەرجەکان بە پلەی یەکەم لەسەر پشتڕاستکردنەوەی بەرنامەی پیتاندن دەبێت، و دووەم؛ پشتڕاستکردنەوەی چەککردنەکە دەبێت. ئەوەش مووشەک دەگرێتەوە، هەروەها جۆری ئەو مووشەکەکانیان.
بە پێی ئاژانسی هەواڵی فەرمیی ئیرنا، وەزارەتی دەرەوەی ئێران ڕایگەیاند، گەڕی دووەمی دانوستانەکانی نێوان ئێران و ئەمەریکا ڕۆژی شەممەی داهاتوو لە مەسقەت بەڕێوە دەچێت.
ئیرنا، لە زاری ئیسماعیل بەقائی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران بڵاوی کردەوە، دوای ڕاوێژکارییەکان بڕیاردرا لە 19ـی نیسان گەڕی داهاتووی دانوستانەکان لە عوممان بەڕێوە بچێت.
کاسپار ڤێلدکامپ و ئەنتۆنیۆ تاجانی، وەزیرانی دەرەوەی هۆڵەندا و ئیتاڵیا پێشتر ڕایانگەیاندبوو "دانیشتنی گەڕی دووەم لە ڕۆما بەڕێوە دەچێت."
شەممە، 12ـی نیسانی 2025، شاندی ئەمەریکا بە سەرۆکایەتیی ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتی دۆناڵد ترەمپ بۆ کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەگەڵ شاندی ئێران بە سەرۆکایەتیی عەباس عراقچی، بە نێوەندگیری عوممان لە مەسقەت کۆ بوونەوە.
هاوکات هەر یەک لە ئێران و ئەمەریکا کۆبوونەوەکەیان بە ئەرێیی وەسف کرد، ئاماژەیان دا شەممەی داهاتوو، قۆناغی دووەمی دانوستانەکە بەڕێوە دەچێت