سوودان.. هێزەکانی پشتیوانیی خێرا زیاتر لە 400 کەسیان کوشت

نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاند، لە هێرشەکانی ئەم دواییەی هێزەکانی پشتیوانیی خێرا لە دارفور، لە ڕۆژئاوای سوودان زیاتر لە 400 کەس کوژراون.
ڕاڤینا شەمداسانی، گوتەبێژی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان، بە ئاژانسی فرانس پرێسی ڕاگەیاندووە، "تیمەکانمان لە سوودان کوژرانی 148 کەسیان پشتڕاست کردووەتەوە، بەڵام ئەم ژمارەیە کەمترە لە ژمارەی ڕاستەقینە." ئاماژەی بەوەش کرد "لەسەرچاوە باوەڕپێکراوەکانەوە زانیومانە زیاتر لە 400 کەس کوژراون."
ڕێکخراوی نێودەوڵەتیی کۆچبەران ڕۆژی دووشەممە، ڕاپۆرتێکی بڵاو کردەوە و تێیدا هاتووە، نزیکەی 400 هەزار کەس لە ئۆردووگای زەمزەم لە هەرێمی دارفۆر بەهۆی برسێتییەوە هەڵاتوون، ئەمەش ڕۆژێک دوای ئەوە دێت کە هێزەکانی پشتیوانیی خێرا ڕایانگەیاند کەمپی زەمزەمیان کۆنترۆڵ کردووەتەوە.
ڕێکخراوەکەی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان ئەوەشی ئاشکرا کردووە "بەهۆی ئاژاوە و نائارامی 60 بۆ 80 هەزار خێزان لە ئۆردووگای زەمزەم هەڵاتوون و ئاوارەی شوێنەکانی دیکە بوون." ئۆردووگای زەمزەم گەورەترین کەمپە لە دارفور.
لە 15ـی نیسانی 2023، شەری سوودان لە نێوان هێزەکانی پشتیوانیی خێرا و سوپای سوودان ڕووی دا، کە تاوەکوو ئێستا بەردەوامە و دەیان هەزار کەس کوژران و بریندار بوون، هەروەها زیاتر لە هەشت ملیۆن کەسیش ئاوارەی ناوخۆ و دەرەوەی وڵات بوون.
