شاندەکانی عێراق و سعودیە لە بەغدا کۆبوونەوە

شاندەکانی عێراق و سعودیە لە بەغدا سەبارەت بە ئامادەکاری بۆ ئەنجامدانی پێنجەمین کۆبوونەوەی لیژنەی باڵای سیاسی و سەربازیی نێوان ھەردوو وڵات، کۆبوونەوە.

سێشەممە، 15ـی نیسانی 2025، وەزارەتی دەرەوەی عێراق لە ڕاگەیاندراوێکدا ئاماژەی بەوەداوە، لە کۆبوونەوەی نێوان شاندی هەردوو وەزارەتی دەرەوەی عێراق و سعودیە ژمارەیەک لە نوێنەرانی وەزارەت و لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکوومەتی عێراق و سعودیە ئامادەی بوون، باس لە ئامادەکارییەکان بۆ ئەنجامدانی پێنجەمین کۆبوونەوەی لیژنەی باڵای سیاسی و سەربازیی نێوان ھەردوو وڵات کراوە.

وەزارەتی دەرەوەی عێراق وێڕای دەربڕینی خۆشحاڵی خۆیان بە ئەنجامدانی کۆبوونەوەکە و پەیوەندی نێوان هەردوولا، جەختی لەوە کردووەتەوە کە پەیوەندییەکانییان ، پێشکەوتنی باشی بەخۆوە بینیوە ئەوەش لە ڕێگەی واژووکردنی چەندین یاداشتنامەی لێکتێگەیشتن..

باسی لەوەش کردووە کە لە کۆبوونەوەکەدا، جەخت کراوەتەوە لەسەر گرنگی پەلەکردن لە ئەنجامدانی کۆبوونەوەی داھاتووی لیژنەی باڵای ھاوبەشی سیاسی و سەربازیی، ھەروەھا پتەوترکردنی ھەماھەنگییەکانی نێوان عێراق و سعودیە، بە شێوەیەک کە خزمەت بە بەرژەوەندییەکانی ھەردوو وڵات بکات و ھەڵوێستەکانیان لەسەر ئاستی ھەرێمی و نێودەوڵەتییشدا، پتەوتر بکات.

تەوەرێکی دیکەی نێوانیان پتەوترکردنی ھاریکاریی و ئاڵوگۆڕی شارەزایی نێوان ھەردوو وڵات بەتایبەتی لە بوارە ئەمنی و سەربازییەکان، بۆ ئەوەی ھەردوو وڵات بتوانن بە ھاوبەشی ڕووبەڕووی ئاڵنگارییە ئەمنییەکان ببنەوە لەسەروویانە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر، و پاراستنی ئاسایشی ناوچەکە.

 
Fly Erbil Advertisment