هەواڵگریی ئوردن: شکستمان بە پلانێکی تێکدەرانە لە نێوخۆی وڵات هێنا

هەواڵگریی ئوردن ڕایگەیاند: 16 کەسیان دەستگیر کردووە کە تێوەگلابوون بە ئەنجامدانی پلانێکی تیکدەرانە لە نێوخۆی وڵاتەکە.
سێشەممە 15ـی نیسانی 2025، بەڕێوەبەرایەتیی هەواڵگریی ئوردن لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاشکرای کرد، شکستیان بە پلانێکی تێکدەرانە لە نێوخۆی وڵاتدا هێنا.
ئاماژەی بەوە کرد، گرووپێکی 16 کەسی دەستگیر کران، کە تێوەگلابوون بە ئەنجامدانی پلانێکی تێکدەرانە و ئاژاوەگێڕی لە نێوخۆی وڵاتدا، کار و جموجۆڵەکانی گرووپەکە لە ساڵی 2021 بە وردی لەلایەن هەواڵگرییەوە چاودێریی کراون.
بە پێی ڕاگەیەندراوەکە، گرووپەکە پلانی دروستکردنی مووشەک، درۆن و تەقەمەنییان هەبوو. باس لەوەش کراوە، سەرجەم کەسەکانی گرووپە ڕەوانەی دادگای ئەمنیی وڵاتەکە کراون، بۆ ئەوەی ڕێکاری یاساییان بەرانبەر بگیرێتەبەر.