حەماس: ئامادەین سەرجەم بارمتە ئیسرائیلییەکان ئازاد بکەین

سەرکردەیەکی بزووتنەوەی حەماس دەڵێت: لە ماوەی 48 کاتژمێری داهاتوو، بزووتنەوەکە وەڵامی پێشنیازی نوێی ئیسرائیل لەبارەی ڕاگەیاندنی ئاگربەست دەداتەوە. گوتیشی: ئامادەین سەرجەم بارمتەکان ئازاد بکەین.

سێشەممە 15ـی نیسانی 2025، ئاژانسی فرانس پرێس لە زاری سەرکردەیەکی حەماسەوە ڕایگەیاند: بە ئەگەرێکی زۆرەوە بزووتنەوەکە لە 48 کاتژمێری داهاتوودا وەڵامی پێشنیازی نوێی ئیسرائیل بۆ ڕاگەیاندنی ئاگربەست، لە رێگەی وڵاتانی نێوەندگیر میسر و قەتەرەوە دەداتەوە.

سەرکردەیەکی دیکەی بزووتنەوەی حەماس کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت بە ئاژانسەکەی گوت: بزووتنەوەکە ئامادەیە سەرجەم بارمتە ئیسرائیییەکان ئازاد بکات، بەڵام هیچ پێشنیازێکی دیکە جگە لە ئاگربەستێکی هەمەیشەیی و کشانەوەی تەواوەتیی ئیسرائیل لە کەرتی غەززە و هاتنە ناوەوەی هاوکارییەکان بۆ نێو کەرتەکە قبووڵ ناکات.

پێشنیازی ئیسرائیل بۆ ڕاگەیاندنی ئاگربەست لە غەززە

سەرچاوەیەکی ئاگادار بۆ ئاژانسی فرانس پرێس ئاشکرای کرد، پێشنیازی ئیسرائیل کە حەماس لە ڕێگەی وڵاتانی نێوەندگیرەوە لە کۆبوونەوەی ڕۆژی یەکشەممەدا لە قاهیرە، وەریگرتووە، بریتییە لە؛ ئازادکردنی نیوەی بارمتەکانی ئیسرائیل لە ماوەی هەفتەی یەکەمدا.

بە پێی پێشنیازەکە، حەماس وەک نیشاندانی نیازپاکی خۆی لە بەرانبەر ڕێککەوتنی ئاگربەست و ئازادکردنی بارمتەکان، ڕۆژی یەکەم عەیدان ئەلیکساندەر، کە سەربازێکی ئیسرائیلییە وهەڵگری ڕەگەزنامەی ئەمەریکییە ئازادی دەکات.

لە پێشنیازەکەدا هاتووە، حەماس لە ڕۆژی دووەمدا پێنج بارمتەی ئیسرائیلی ئازاد دەکات، لە بەرانبەردا ئیسرائیل 66 زیندانیی فەڵەستینی کە سزای زیندانی تاهەتاییان بەسەردا سەپێنرابوو، لەگەڵ 611 زیندانی دیکە کە لە دوای 7ـی ئۆکتۆبەری ساڵی 2023ـەوە دەستگیر کرابوون، ئازاد دەکات.

هەروەها لە خاڵێکی دیکەی پێشنیازەکەدا، ئاماژەی بەوە کراوە، کە ئیسرائیل ڕێگە دەدات بە هاتنەوەناوەوەی هاوکارییە مرۆییەکان بۆ کەرتی غەززە.

سەرچاوەکەی ئەوەشی خستووەتە ڕوو، لە ڕۆژی سێیەمدا دانووستانەکان بۆ بەڕێوەبردنی کەرتی غەززە، داماڵینی چەکی دەست حەماس و ڕاگەیاندنی ئاگربەستی هەمیشەیی دەست پێ دەکات.

بە گوێرەی هەمان سەرچاوە، ئاڵوگۆڕکردنی بارمتە ئیسرائیلییەکان و زیندانییە فەڵەستینییەکان دەبێت بەبێ هیچ نمایشێک و ڕێوڕەسمێکی گشتیی ئەنجام بدرێت.

قۆناغی یەکەمی ڕێککەوتنی ئاگربەست لە 19ـی کانوونی دووەمی ئەم ساڵ دەستی پێکرد و لەو ماوەیەدا بارمتە ئیسرائیلییەکان و زیندانییە فەڵەستینییەکان ئاڵوگۆڕ کران، بەڵام دوای دوو مانگ، ئیسرائیل ڕێککەوتنەکەی پشتگوێ خست و دەستی بە هێرشەکانی بۆ سەر کەرتی غەززە کردەوە.

 
Fly Erbil Advertisment