ئەردۆغان: لە سووریا ئەگەرێک نەماوە بۆ گەڕانەوە بۆ پێش هەشتی کانوونی یەکەم
ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا ڕایگەیاند: هەرکەسێک ئارامی سووریا بشێوێنیت لە پاڵ حکوومەتی سووریا ئێمە بەرانبەری خۆی دەبینێتەوە.
سێشەممە، 15ـی نیسانی 2025، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا ڕایگەیاند: لە سووریادا ئەگەرێک بۆ گەڕانەوەی بۆ پێش هەشتی کانوونی یەکەم نەماوە، ئێستا سەردەمێکی نوێ لەم وڵاتە دەستیپێکردووە.
باسی لەوەش کرد، "بە ڕوونی دەیڵێم: هەرکەسێک ڕێگر بێت لەوەی سووریا بە ئارام و سەقامگیر سووریا بێت، ئەوا لە پاڵ حکوومەتی سووریادا ئێمەش بەرانبەری خۆی دەبینێتەوە".
سەرۆک کۆماری تورکیا دەشڵێت: هەرکەس و لایەنێک ئارامی و سەقامگیری تورکیای مەبەستە، پێویستە وەک دەوڵەت مامەڵە لەگەڵ سووریا دا بکات، نەوەک ڕێکخراو.
پەیوەست بە نێوخۆی تورکیا سەرۆک کۆماری تورکیا ئاماژەی بەوەکرد، 25 هەزار مامۆستایی نوێ دادمەزرێنین، کە 10 هەزاریان بۆ ئەکادیمیی پەروەردەی نیشتیمانییە.