قوباد تاڵەبانی: خۆشحاڵ بووم بەو سەرکەوتنەی یانەی دهۆک کە بووە پاڵەوانی جامی کەنداو

قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان
قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان

جێگری سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پیرۆزبایی لە یانەی وەرزشیی دهۆک دەکات، بە بۆنەی بوون بە پاڵەوانی جامی کەنداو و دەڵێت: ئەمڕۆ دهۆکی بووم، هەموو کوردستانییەک دهۆکی بوون.

سێشەممە 15ـی نیسانی 2025، قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە پەیامێکدا پیرۆزبایی لە یانەی وەرزشیی دهۆک کرد، بە بۆنەی بوون بە پاڵەوانی جامی کەنداو.

لە پەیامەکدا هاتووە، پیرۆزە دهۆک، پیرۆزە کوردستان، ئەمڕۆ بەندە دهۆکی بووم، ئەمڕۆ هەموو کوردستانییەک دهۆکی بوون.

ئاماژەی بەوە کرد، لە دڵەوە خۆشحاڵ بووم بەو سەرکەوتنە مێژووییەی یانەی دهۆک کە بوونە پاڵەوانەی جامی کەنداو.

لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەدا هاتووە، دڵنیام ئەم سەرکەوتنە مەزنە هاندەرە بۆ هەموو یانەکانی کوردستان کە خەون بە سەرکەوتنی گەورەتر لە ئاستی نێودەوڵەتی ببینن.

هاوکات دەشڵێت: ئەم سەرکەوتنەی یانەی دهۆک، سەرکەوتنی وەرزشی کوردستانە، سەرکەوتنی هەر وەرزشوانێک و سەرکەوتنی هەموو وەرزشی کوردستانە.

سێشەممە 15ـی نیسانی 2025، یانەی وەرزشی دهۆک لە پاڵەوانێتی جامی کەنداو، لە یاری کۆتاییدا ڕووبەڕووی یانەی قادسییەی کوێتی بووەوە، یارییەکەش بە ئەنجامی دوو گۆڵ بەرانبەر بە گۆڵێک لە بەرژەوەندیی یانەی دهۆک کۆتایی هات و جامەکەی بەرز کردەوە.

گۆڵەکانی دهۆک لە خولەکەکانی 66 و 93 لەلایەن سیابەند عەگید و مارلۆن دۆس سانتۆس تۆمار کران، تاکە گۆڵی یانەی قادسییەش لە خولەکی 70 لەلایەن محەممەد سۆڵە تۆمار کرا.

ئەمەش یەکەم جارە لە مێژوودا یانەیەکی کوردی دەبێتە پاڵەوانی جامی کەنداو.

 
Fly Erbil Advertisment