سرری سورەییا ئۆندەر بەهۆی جەڵتەی دڵ گەیەندرایە نەخۆشخانە

سرری سورەیا ئۆندەر ئەندامی شاندی ئیمراڵی و جێگری سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا، بە هۆی جەڵتەی دڵ ڕەوانەی نەخۆشخانە کراوە و ئێستا لە بەشی چاودێریی چڕە.
دەم پارتی لە بارەی تەندروستی سرری سورەییا ئۆندەر ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردووەتەوە و ئاماژەی بەوە داوە، ئەندامی شاندی ئیمرالی و دەم پارتی و جێگری سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا کاتژمێر 11ی شەوی ڕابردوو بەهۆی جەڵتەی دڵەوە ڕەوانەی یەکێک لە نەخۆشخانەکانی ئیستەنبۆڵ کراوە.
هەر لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، سرری سورەییا ئۆندەر نەشتەرگەرییەکی قورسی بۆ دەکرێت و ئێستا لە بەشی چاودێری چڕە.
بە گوێرەی ئەو زانیارییانەی بەشێک لە میدیاکانی تورکیا بڵاویان کردووەتەوە، نەشتەرگەرییەک بۆ سرری سورەییا ئۆندەر کراوە و زیاتر لە حەوت کاتژمێری خایاندووە، بەڵام بۆ دڵنیابوونەوە لە جێگریی تەندروستی، ئێستاش لە بەشی چاودێری چڕ خەوێندراوە.
بڕیارە دەم پارتی دواتر لە ڕاگەیەندراوێکدا، سەبارەت بە دۆخی تەندروستی سرری سورەییا ئۆندەر ڕوونکردنەوەیەک بڵاو بکاتەوە.