ڕووسیا: 26 فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئۆکرانیای تێکشکاند

وەزارەتی بەرگریی ڕووسیا ئەمڕۆ چوارشەممە، 16ـی نیسانی 2025، ڕایگەیاند، سیستەمی بەرگریی ئاسمانی وڵاتەکە لە شەوێکدا 26 فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئۆکراینی تێکشکاندووە.
وەزارەتەکە لە بەیاننامەیەکداڕایگەیاند "شەوی ڕابردوو سیستەمی بەرگریی ئاسمانی ڕێگری لە 26 فڕۆکەی بێفڕۆکەوان کردووە و تێکیشکاندووە".
لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەش کراوە کە نۆ فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بەسەر هەرێمی ڤۆرۆنیج، هەشت فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بەسەرهەرێمی بەلگۆرۆد، چوار فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بەسەر هەرێمی کورسک، دوو فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بەسەر هەرێمی لیپێتسک، دوو فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بەسەر کۆماری قرم و یەک فڕۆکەی بێفڕۆکەوان لەسەر ئاسمانی مۆسکۆدا تێکشکێندراون".
وەزارەتی بەرگریی ڕووسیا دوێنێ سێشەممە لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاوی کردەوە، سیستەمی بەرگریی ئاسمانی وڵاتەکەی، چوار بۆمبی ڕێنماییکراوی JDAM و پێنج مووشەکی هایمارسی دروستکراوی ئەمەریکا و 304 فڕۆکەی بێفڕۆکەوان لەناوبردووە.
ئاماژەی بەوەش کرد، هێزەکانی ڕووسیا موشەک هەڵگر و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و هەروەها ناوەندێکی مەشق و ڕاهێنانیانی ئۆکرانیان بۆمباران کردووە.
وەزارەتەکە لە بەیاننامەکەدا ڕایگەیاند "فڕۆکە جەنگییەکانی ڕووسیا، فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی هێرشبەر و تۆپخانەکانی ژێرخانی فڕۆکەخانەی سەربازی ئۆکرانیایان بۆمباران کرد، هەروەها لەگەڵ شوێنی مووشەک هەڵگر و دامەزراوەکانی کۆکردنەوەی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی هێرشبەر، و ناوەندەکانی مەشقیان بۆمباران کردووە".