دانوستانەکانی ئەمەریکا و ئێران، بووەتە هۆی دابەزینی نرخی زێڕ

لە پاش بەڕێوەچوونی یەکەم گەڕی دانوستان لە نێوان ئێران و ئەمەریکادا بەهای دراوی ئێران بە ڕێژەی 20٪ هەڵكشا و بەهای یەک دۆلاری ئەمەریکی لە ماوەی دوو ڕۆژدا 20 هەزار تمەن دابەزی

بەڕێوەچوونی یەکەم گەڕی دانوستانەکانی نێوان ئێران و ئەمەریکا زۆر بەخێرایی کاریگەریی لەسەر بازاڕی ئێران دانا، بەهای دراوی ئێران ڕۆژێک دوای دانوستانەکان نزیک 20٪ بەرز بووەوە، لە ماوەی دوو ڕۆژدا بەهای یەک دۆلاری ئەمەریکا لە 102 هەزار تمەنەوە بۆ 82 هەزار تمەن دابەزی و نرخی هەر گرامێک زێر یەک ملیۆن تمەن دابەزی. 

هاووڵاتییەکی ئێران بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند "هاووڵاتیان هیوادارم ئەم دانوستانانە بگەنە ئەنجام و بە ڕێککەوتنی نێوان ئێران و ئەمەریکا، دۆخی ئابووریی ئێران بەرەو باشی بچێت و ئەمەش کاریگەریی لەسەر ڕێژەی هەلاوسان و گرانی هەبێت،  ئەوان دەڵێن؛ ئەگەر جەنگێک ڕوو بدات، دۆخی ئابووریی ئێران و بارودۆخی ژیانی هاووڵاتیان لەوە ئێستا هەیە زۆر خراپتر دەبێت.

هاووڵاتییەکی دیکە دەڵێت: لە دوو ڕۆژی ڕابردوودا بەهای دۆلار دیسان دەستی کردووەتەوە بە هەڵکشان بەڵام هێشتا بەهای یەک دۆلار نەگەیشتووەتەوە 90 هەزار تمەن.

لای خۆیەوە مێهرداد لاهووتی، ئەندامی کۆمیسیۆنی بەرنامە و بودجەی پەرلەمانی ئێران ڕایگەیاند "بەهای دۆلار پەیوەندیی بە زۆر هاوکێشەی سیاسی و ئابووری و دەروونییەوە هەیە و هەر بۆیەش تەنانەت ئەگەر ئێران و ئەمەریکاش ڕێک بکەون، چاوەڕێ ناکرێ بەهای دۆلار زۆر دابەزێت.