حەسان بۆ عێراقییەکان: خۆتان لە لێکترازان بپارێزن و پشتیوانی سەرکردە دڵسۆزەکانتان بکەن

نوێنەری تایبەتیی ئەمینداری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاند، پەیامی ئێمە بۆ ئێوەی عێراقی ئەوەیە خۆتان لە لێکترازان بپارێزن و پارێزگاری لە ناسنامەی نیشتمانی و ژینگەتان بکەن.
ئەمڕۆ چوارشەممە، 16ـی نیسانی 2025، محەممەد حەسان، نوێنەری تایبەتیی ئەمینداری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان، لە نۆیەمین دیداری سلێمانی گوتی: هیوای گفتوگۆیەکی بەرهەمدار بۆلایەنەکان دەخوازم لە بارەی ئەو دۆخەی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەراست و عێراق لە ئێستا و لە داهاتوودا کە هەیە.
نوێنەری تایبەتیی ئەمینداری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت: ئەم لووتکەیە داڤۆسی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە، لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا کولتوورێکمان هەیە باسی ئەو دۆخانە دەکەین کە ڕووبەڕوومان دەبنەوە و تێیدا دەژین، لە چەندان ساڵی ڕابردوودا دۆخێک بەسەر ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و گشت گەلانیدا هات، بەداخەوە هەموو ئەمانە بە مانایەک، بوونەتە هۆی دروست بوونی سێ پرسیار.
دەشڵێت: پرسیاری یەکەم؛ بۆ ئەمە ڕووی داوە؟ دووەمیان؛ ئایا ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هیچ تایبەتمەندییەکی هەیە تاوەکوو ئەوەی جیاوازتر بێت لە ناوچەکانی دیکە جیهان؟ سێیەمیش کە گرنگترینیانە، ئایا هیچ دەرفەتێک هیە بۆ گۆڕانی ئەم بارودۆخە؟ تاکوو ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ببێتە ناوچەیەکی سەقامگیر؟
ئاماژەی بەوەش دا، گەلەکان و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ماندوو بووە بەدەست ناکۆکیی و جەنگ و ئەو نەهامەتییەی ڕووبەڕوویان بووەتەوە. بەڵام ئێستا بۆ گەلانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، کاتی ئەوە هاتووە وەکو گەلانی دیکەی جیهان، لە سەقامگیریدا بژین.
باسی لەوەش کرد، ئێمە تەنیا باسی دۆزی فەڵەستین ناکەین، بەڵکو باسی داگیرکاری گەلان و دەستوەردانیان لە ناوچەکە دەکەین، کە بووە هۆی وێرانکردن و لە ناوبردنی گەلی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، دروست بوونی ڕاستییەک وایکردووە ئەم گەلانە لە نەهامەتیدا بژین و بە ناچاری قبووڵیشی بکەن، ئەمە بووەتە هۆی لەدەستدانی هیوا بۆ دەرچوون لەم گێژەلووکەیە.
دەشڵێت: لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و کەناڵە تەلەفزیۆنەکان دەبینرێن، کە منداڵانی عێراق و غەززە لەبەر چاوی هەموو جیهان دەکوژرێن، ئافرەتان و کچانمان و هەندێک لە پێکهاتەکان بەتایبەت ئێزدییەکان، وەکو کاڵایەک بەدەستی کۆمەڵێک توندڕەو تیرۆرستەوە دەفرۆشرێن، نابێت ئەوە ڕێگەی پێ بدرێت و جێگەی قبووڵکردن نییە.
گوتیشی: هەموو ئەمانە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا هۆکارن بۆ لە دەستدانی هیوا، ئێستا کاتی ئەوە هاتووە کەسانی دڵسۆز بێنە پێشەوە بۆ دروستکردنی هیوایەکی نوێی لەم ناوچەیە، بۆ ئەوەی ئەو توانا زۆرەی کە هەیە، لەناو گەلانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بەتایبەت لە عێراق کە شوێنێکی کولتووری جیهانییە جیاواز لە وڵاتانی دیکەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دووچاری شەڕو ململانێێ بووەتەوە.
محەممەد حەسان، ڕاشیگەیاند "پەیامی ئێمە بۆ ئێوەی عێراقی ئەوەیە پارێزگاری لە ناسنامەی نیشتمانی و ژینگەتان بکەن و خۆتان لە لێکترازان بپارێزن و پشتیوانیی سەرکردە دڵسۆزەکانتان بکەن، بۆ چوونە ناو قۆناغێکی نوێی لە سەقامگیری."