سەرۆکی ئەمەریکا، ئادەم بۆلەر دەگەڕێنێتەوە سەر کارەکەی

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا، ئادەم بۆلەری ڕاوێژکاری خۆی وەک نێردەی تایبەت بۆ کاروباری بارمتەکان گەڕاندەوە سەرکارەکەی. 

بۆلەر، لە ئەرکە دیاریکراوەکانیدا،  هەماهەنگیی پرسی بارمتەکانی ئیسرائیل لای حەماس، لە نێوان دەزگاکاندا دەکات و ڕاپۆرت دەداتە ترەمپ و مارکۆ ڕوبیۆ، وەزیری دەرەوە.

بۆلەر، لە مانگی ئاداری ساڵی ڕابردوودا ڕووبەڕووی هێرشێکی سیاسی بووەوە، دوای ئەوەی ڕاستەوخۆ لەگەڵ بەرپرسانی بزووتنەوەی حەماس کۆ بووەوە، بەمەش بووە یەکەم بەرپرسی ئەمەریکی کە تا ئێستا ئەو کارە بکات.

هەرچەندە ترەمپ بەو گفتوگۆیانە ڕازی بوو، بەڵام بەشێک لە سیناتۆرە کۆمارییەکانی توڕە کرد.

دیدارەکانی لەگەڵ بزووتنەوەی حەماسیش توڕەیی ئیسرائیلی لێ کەوتەوە، بەهۆی ئەوەی کە ئەو دیدارە بەبێ ئەوان بەڕێوە چووە.  

بۆلەر، بۆ ئازادکردنی بارمتەی ئیسرائیلی-ئەمەریکی ئایدن ئەلێکساندەر کە لە کەرتی غەززە دەستبەسەر بوو لەگەڵ تەرمی چوار بارمتەی دیکە، دانوستانی لەگەڵ بزووتنەوەکە کرد،.

لە ناوەڕاستی مانگی ئاداردا کۆشکی سپی ڕایگەیاند "ئیدارەی ترەمپ لە کاندیدکردنی بۆلەری بۆ پۆستی نێردەی تایبەتی ئەمەریکا بۆ کاروباری بارمتەکان کشاندووەتەوە، ئەوەش بەهۆی ئەوەی کە بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ لەگەڵ حەماس کۆ بووەتەوە، بەڵام بۆلەر بەردەوام بووە لە خزمەتکردنی ئەمەریکا.

کارۆلین لیڤیت، سکرتێری ڕۆژنامەوانی کۆشکی سپی لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند "ئادەم بۆلەر، بەردەوام دەبێت لە کارکردن لەگەڵ سەرۆک ترەمپ وەک کارمەندێکی تایبەتی حکوومەت کە بایەخ بە دانوستانەکان سەبارەت بە بارمتەکان دەدات."

ئاماژەی بەوەش کردووە، ئادەم ڕۆڵێکی گرنگی هەبووە لە دانوستاندن لەسەر گەڕانەوەی مارک فۆگل، لە ڕووسیا و بەردەوام دەبێت لەم کارکەی بۆ هێنانەوەی کەسانی دەستبەسەرکراوی نایاسایی لە سەرانسەری جیهان بۆ ماڵەوە.

 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment