دەیان فڕۆکەی ئەمەریکی چەک و مووشەکی پێشکەوتوویان بۆ ئیسرائیل گواستەوە

پێنجشەممە، 17ـی نیسانی 2025، میدیای ئیسرائیلی بڵاوی کردەوە، بارێکی سەربازیی گەورە گەیشتە ئیسرائیل، کە بە یەکێک لە گەورەترین گواستنەوەی ئاسمانی لە مێژووی پەیوەندییە بەرگرییەکانی نێوان واشنتن و تەلئەڤیڤدا وەسف کراوە.

کەناڵی i24NEWS، ڕاپۆرتێکی بڵاو کردەوە، دەیان فڕۆکەی سەربازیی ئەمەریکا لە بنکەی ئاسمانی 'نیڤاتیم' لە باشووری ئیسرائیل نیشتنەوە، کە بارێکی گەورەی چەکیان هەڵگرتبوو، دیارترینی ئەو چەکانەی هێناویانە بۆمبی قورسی جۆری MK-84  و  سەدان مووشەکی سیستەمی THAAD و هەزاران تەقەمەنی دیکەن.

سەرچاوە ئیسرائیلییەکان ئاشکرایان کردووە، ڕەوانەکردنی ئەم بارە چەکە، لە کاتێکدایە کە دانوستانەکانی نێوان واشنتن و تاران سەبارەت بە پرسی ئەتۆمیی ئێران بەردەوامە، هەروەها چەندین جار دۆناڵد ترەمپ، هەڕەشەی بەکارهێنانی هێزی سەربازی لە ئێران کردووە، لە ئەگەری شکستی دانوستانەکان.