حەسەن مەجید: پێشنیازمان کردووە سەربازگەی تۆپزاوە بکرێتە مۆنۆمێنت

سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک ڕایگەیاند، نووسراوێکمان ئیمزا کردووە و تێیدا پێشنیازمان کردووە سەربازگەی تۆپزاوە بکرێتە مۆنۆمێنت.

پێنجشەممە، 17ـی نیسانی 2025، حەسەن مەجید، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک، تایبەت بە ماڵپەڕی کوردستان24، ڕایگەیاند "سەربازگەی تۆپزاوە، سەربازگەیەکی زۆرەملێ بوو، زۆربەی ئەوانەی ئەنفال کران، سەرەتا براونەتە ئەوێ."

ئەو سەرۆک فراکسیۆنە دەڵێت: لە ساڵی 1991 ئەو کەسانەی کە دەستگیر کران، لەو سەربازگەیە ئازار و ئەشکەنجە دران، بۆیە ئێمە لای خۆمانەوە بە نووسراوێک داوامان کرد ئەو شوێنە بکرێتە مۆنۆمێنتێکی تایبەت بە ئەنفالکراوەکان.

حەسەن مەجید، ڕاشیگەیاند "شەش ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک، نووسراوێکمان ئیمزا کرد و داوامان کرد ئەو سەربازگەیە بکرێتە مۆنۆمێنتێکی تایبەت بە ئەنفالکراوەکان، چونکە پێش دوو هەفتە گۆڕیکی بەکۆمەڵ، نزیکی ئەو سەربازگەیە دۆزرایەوە.

سەربازگەی تۆپزاوە لە سنووری كەركووك، لە ساڵانی هەشتاكانەوە هێمای دڕندەیی ڕژێمی بەعس بووە و هەر شوێن و جێگەیەكی ئەو سەربازگەیە، چیرۆكێكی تراجیدیای ئەنفال و بەڵگەی ئەو تاوانە دڕەندانەیە دەگێڕێتەوە كە دەرهەق بە گەلی كورد کرا.

 

 

 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment