روونکردنەوەیەک لە دەروازەی سنووریی حاجی ئۆمەران لەبارەی هاتووچۆ لە جەژن

تەنیا بە سێ هۆکار رێگە بە هاتووچۆ دەدرێت


K24 - هەولێر

یەکێک لە رێکارەکانی رووبەڕووبوونەوەی پەتای کۆرۆنا لە کوردستان، داخستنی دەروازە سنوورییەکان بوو بە رووی گەشتیاران، لە رۆژانی جەژنیشدا لە دەروازەی حاجی ئۆمەران، بە سێ هۆکار رێگە بە هاتووچۆ دەدرێت.

سیروان حوسێن، گوتەبێژی دەروازەی سنووریی حاجی ئۆمەران لە لێدوانێکدا بە کوردستان24ـی راگەیاند: "هەر هاووڵاتییەک بێتە ئێرە، کە رێگەپێدانی وەزارەتی ناوخۆی پێبێت، رێگەی پێدەدەین بڕوات، بەڵام رێگەپێدانی وەزارەتەکەش سنووردارە".

لەدوای بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆنا لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان، یەکێک لە رێکارە خێراکانی حکومەت بۆ پێشگرتن لەو پەتا جیهانییە، داخستنی دەروازە سنوورییەکان بوو، بەڵام دواتر ئاڵوگۆڕی بازرگانی دەستیپێکردەوە، لەگەڵ ئەوەشدا تاوەکو ئێستاش هاتووچۆی گەشتیاران قەدەغەیە.

وەزارەتی ناوخۆ بەو سێ هۆکارە رێگە بە هاووڵاتییان دەدات رووبکەنە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان: ئەگەر خوێندکاربن لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان، ئەوانەی نەخۆشن و بۆ چارەسەری پزیشکی دەیانەوێت رووبکەنە ئەودیو سنووری حاجی ئۆمەران، یان بەمەبەستی بەیەکتری گەیاندنەوەی خێزان.

رێکارەکان بۆ ئەو هاووڵاتییانەی دێنەوە هەرێمی کوردستان چۆنن؟

ئەو هاووڵاتییانەی هەرێمی کوردستانیش کە لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان دەگەڕێنەوە، لە دەروازەی حاجی ئۆمەرانەوە لەسەر ئەرکی خۆیان ئۆتۆمبێلیان بۆ دابیندەکرێت، دواتر دەنێردرێنە بنکەیەکی تەندروستی لە هەولێر کە لەلایەن وەزارەتی تەندروستییەوە دەستنیشانکراوە.

لە بنکە تەندروستییەکە پشکنینی کۆرۆنا بۆ ئەو هاووڵاتییانە دەکرێت، دواتر بەڵێننامەیەکیان پێ واژۆدەکرێت کە بۆ ماوەی دوو هەفتە خۆیان لە شوێنی نیشتەجێبوونیان کەرەنتینە بکەن.

 

لەڕێگەی ئەم لینکەوە دەتوانن داوای رێگەپێدان بکەن:

گەشتکردن بۆ وڵاتی ئێران

هـ.ر.