کاتز: هیچ پلانێکمان بۆ ڕێگەدان بە گەیاندنی یارمەتیی بۆ غەززە نییە
وەزیری بەرگریی ئیسرائیل، یسرائیل کاتز، ڕایگەیاند، ڕێگریی لە گەیاندنی هاوکاریی بە غەززە، یەکێکە لە هۆکارەکانی فشار بۆ سەر حەماس.
17ـی نیسان 2025، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل ڕایگەیاند " ئەگەر حەماس، بارمتەکان ئازاد نەکات، بە توانایەکی زۆرەوە پەلاماریان دەدەین. ئێستەش کەس بیر لە ڕێگەپێدانی گەیاندنی یارمەتیی مرۆڤایەتیی بۆ غەززە ناکاتەوە و هیچ ئامادەکارییەکیش بۆ ئەوە لەبەردەستدا نییە."
ئیسرائیل، لە 2ـی ئادارەوە، واتە پتر لە دوو هەفتە پێش داڕووخانی ئاگربەستی نێوان ئیسرائیل و حەماس، ڕێگەی نەداوە هیچ جۆرە یارمەتییەکی پێویست وەک سووتەمەنی و خۆراک و ئاو و دەرمان، بگاتە غەززە. جگە لە بەردەوامیی هێرشی ئاسمانی و زەمینی بۆ سەر غەززە.
یسرائیل، هەروا جەختی کردەوە لەوەی تاکو حەماس بارمتەکان ئازاد نەکات، لە ڕێگریی گەیاندنی یارمەتیی بۆ دانیشتوانی غەززە بەردەوام دەبین.
لە لایەکی دیکەوە سوپای ئیسرائیل ڕایگەیاند "لە %30 خاکی غەززەی کردووەتە ناوچەی دابڕێنراو و دەسەڵاتی خۆی بەسەر زۆر ناوچە و ڕێگەی سەرەکیی غەززەدا سەپاندووە."
سەبارەت بە بارودۆخی نالەباری دانیشتوانی غەززە، ڕێکخراوی پزیشکانی بێسنوور، دوێنێ چوارشەممە، ڕایگەیاند " غەززە بووە بە گۆڕستانی بە کۆمەڵی دانیشتوانەکەی."