بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم بەشداریی دانوستانەکانی ئێران و ئەمەریکا دەکات

ئاژانسی ڕۆیتەرز ئاشکرای کردووە، ڕافائیل گروسی، بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم بۆ بەشداری لە دانوستانەکانی ئێران و ئەمەریکادا لە ڕۆما بانگهێشت کراوە. گروسی پێشتر ڕایگەیاندبوو، چونکە دەبێ سیستمێکی بەهێزی چاودێری و خستنەڕووی ڕاستییەکان لەسەر بەرنامەی ئەتۆمیی ئێران هەبێت و ئەو کارەش تەنیا بە ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم جێبەجێ دەبێت.
ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز لە زاری سەرچاوەیەکی دیپلۆماتییەوە بڵاوی کردووەتەوە، ڕافائیل گروسی، بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی بۆ بەشداری لە دانوستانەکانی ئێران و ئەمەریکا بانگهێشتی ڕۆما کراوە.
گروسی ڕۆژی چوارشەممە گەیشووەتە تاران و لەگەڵ عەباس عراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران کۆ بووەوە، ڕۆژی پێنجشەممەش لەگەڵ بەڕێوەبەری گشتیی ڕێکخراوی وزەی ئەتۆمیی ئێران دیدار و گفتوگۆی کرد.
بەر لە سەردانەکەی بۆ تاران، گروسی لە چاوپێکەوتنێکی بە ڕۆژنامەی لومۆندی فەرەنسی ڕایگەیاندووە، پێی باشە لە دانوستانە ئەتۆمییەکاندا بەشدار بێت، چونکە ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی بەرپرسی پەسندکردنی ڕێککەوتنی ئەتۆمیی نێوان ئێران و ئەمەریکایە و هەر ڕێککەوتنێک بەبێ ئاژانس بکرێت، تەنیا پارچە کاغەزێکە، چونکە دەبێ سیستمێکی بەهێزی چاودێری و خستنەڕووی ڕاستییەکان لەسەر بەرنامەی ئەتۆمیی ئێران هەبێت و ئەو کارەش تەنیا بە ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی جێبەجێ دەبێت.
گروسی هاوکات هۆشداریی ئەوەیشی داوە، ئێران مەودایەکی زۆری لەگەڵ دروستکردنی چەکی ئەتۆمی نییە، مەوادی پێویست بۆ دروستکردنی چەند بۆمبی ئەتۆمیی هەیە، بەڵام هێشتا چەکی ئەتۆمیی دروست نەکردووە.
بڕیارە ڕۆژی شەممە 19ـی نیسان گەڕی دووەمی دانیشتنی ئێران و ئەمەریکا بۆ داڕشتنی چوارچێوەی دانوستانەکانیان لە ڕۆمای ئیتاڵیا بەڕێوە بچێت.
کازم غەریبئابادی، جێگری کاروباری یاسایی و نێودەوڵەتیی وەزیری دەرەوەی ئێران ڕایگەیاندووە، وڵاتەکەی ئامادەیە لەگەڵ ئەمەریکا بە لێکتێگەیشتنێکی بەردەوام بگەن، جەختی لەوەش کردووەتەوە، گفتوگۆکانیان تەنیا سەبارەت بە بەرنامەی ئەتۆمیی ئێران و سزاکانی ئەمەریکا دەبێت و لەسەر هیچ بابەتێکی دیکە دانوستان ناکەن.