دەستنووسەکانی تەکیەی هیران بۆ حەفت سەدە لەمەوبەر دەگەڕێنەوە

لە سنووری پارێزگای هەولێر ژمارەیەک دەستنووس هەن، مێژووییەکەیان بۆ چەندین سەدە دەگەڕێتەوە و تاوەکوو ئێستا پارێزراون.
هانا هیرانی ئەمڕۆ پێنجشەممە، 17ـی نیسانی 2025، تایبەت بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی گوت: ژمارەیەکی زۆری دەستنووس لە تەکیەی هیران لای ئێمە پارێزراون کە مێژوویان بۆ نزیکەی 730 ساڵ پێش ئێستا دەگەڕێتەوە، بەڵام لە کاتی هەڵگیرسانی شۆڕشی ئەیلوول لەگەڵ سووتانی گوندی هیران بەشی زۆریان سووتان و لەناوچوون.
هانا هیرانی گوتیشی: دەستنووسەکان بریتین لە زانستەکانی (نحو، صرف و منطق و بلاغة)، ئەو زانستانەی فەقێیەکان خوێندوویانە و بەشێک دیکەیان شیعری شاعیرانی دەڤەرەکەن کە تەمەنیان نزیکەی 200 ساڵ دەبێت، ئەمە جگە لەوەی دەستنووسی شاعیرانی فارسی و عەرەبی تێدایە.
دەربارەی ئەوەی دەسنووسەکان بۆچ سەردەمێک دەگەڕێنەوە؟ هانا هیرانی دەڵێت: مێژووی بەشێکیان بۆ سەردەمی ئێلخانییەکان دەگەڕێتەوە و دوای ئەوەیش چەندین دەستنووس و کتێبەکانی سەردەمی عوسمانییەکان لە یەکێک لە ژوورەکاندا پارێزراون کە تەمەنی یەکێک لەوان 170 ساڵە.
گوندی هیران بنکەیەکی سەرەکی بووە بۆ لایەنی زانست و ئایین و تەریقەت، هەروەها بەهۆی بوونی پێگەی ئایینی و کۆمەڵایەتی لە ناوچەکەدا.
ئێستا هیران شارەدێیە و سەربە پارێزگای هەولێرە، مێژووەکەی بۆ نزیکەی 400 ساڵ دەگەڕێتەوە و تەکیەی هیران بۆ 300 ساڵ دەگەڕێتەوە و ژمارەیەکی زۆری مورید و شوێنکەوتووی هەبووە.


