ترەمپ: بژاردەی یەکەمم دانوستانە، چونکە بژاردەی دووەمم بۆ ئێران باش نابێت

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا دەڵێت: لە کردەی سەربازیی بۆ سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران پەلەم نییە، چونکە بژاردەی یەکەم دانوستانە، بەڵام بژاردەی دووەمم بۆ ئێران باش نابێت.
ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمز بڵاوی کردووەتەوە، ترەمپ بەرپرسانی ئیسرائیلی ئاگەدار کردووەتەوە، کە پشتیوانی هیچ کردەیەکی سەربازی و هێرشێک بۆ سەر ئێران یان دامەرزاوە ئەتۆمییەکانی ئەو وڵات ناکات. ڕاشیگەیاندووە، لەم قۆناغەدا وازی لەم بژاردەیە هێناوە.
بە گوێرەی ڕۆژنامەکە، ترەمپ بڕوای وایە ئێران دەرفەرتێکی باشی لە بەردەمە بۆ ئەوەی ببێتە وڵاتێکی گرنگ و کاریگەر، هەر بۆیە لەم قۆناغەدا دانوستان بژاردەی یەکەمی ترەمپە.
ترەمپ بە بەرپرسانی ئیسرائیلی گوتووە: دانوستان بژاردەی یەکەمی منە، چونکە بژاردەی دووەم بۆ ئێران زۆر خراپە، بۆیە پێم وایە ئێران مەبەستی دانوستانە و ئومێدەوارم دانوستان بکەن.
ڕاپۆرتەکەی ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمز لە کاتێکدایە، بڕیارە شەممەی داهاتوو گەڕی دووەمی دانوستانەکانی ئێران و ئەمەریکا بە ئامادەبوونی بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم لە ڕۆمای پایتهختی ئیتاڵیا بەڕێوە بچێت، دوای ئەوەی گەڕی یەکەم شەممەی ڕابردوو لە مەسقەت بەڕێوە چوو.