گەشتوگوزاری چۆمان: نرخی زەوی لە باڵەکایەتی بەرزبووەتەوە

کەش و هەوای پاکی سنوورەکە بووەتە هۆی ئەوەی خواست لەسەر زەوی و پڕۆژە گەشتیارییەکانی سنووری باڵەکایەیی زیاد بێت و ساڵی ڕابردووش 200 هەزار گەشتیار بۆ بەسەر بردنی پشوو و کاتێکی خۆش ڕوویان لەو سنوورە کردووە.
هەڵگورد محەممەد، بەڕێوەبەری گەشتوگوزاری چۆمان ئەمڕۆ پێنجشەممە 17ـی نیسانی 2025، بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی گوت: نرخی زەوی و مۆڵک لە سنووری باڵەکایەتیی بەشێوەیەکی گشتیی بەرزبووەتەوە، ئەمەش بەهۆی هەبوونی خواستی زۆری هاووڵاتییان و گەشتیاران.
گوتیشی: هەر مەترێک زەوی 100 دۆلار چووەیە سەر نرخەکەیی، ئەمەش بۆ سنوورەکە زۆرە و ئەوانەشی زەوی دەکڕن، هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستانن، پارچە زەوییەکانیش لە 200 مەتر تا 300مەتری دووجان.
باسی لەوەشکرد، خانوو و پڕۆژە گەشتیارییەکان لە بۆنەکاندا شوێنیان نامێنیت بۆ حەوانەوە، بەتایبەتی لە وەرزی بەهار و هاویندا، ئەمەش بووەتە دەرفەتێکی باش بۆ خەڵکی سنوورەکە بۆ بە بازاڕکردنی کەرتی گەشتیاری.
هەڵگورد محەممەد گوتیشی: ژمارەی هاتنی گەشتیاران بۆ دەڤەری باڵەکایەتی بەردەوام لە زیادبوونە و ساڵی ڕابردوو 200 هەزار گەشتیار سەردانی سنوورەکەیان کردووە.
بەهۆی هەڵکەوتەی جوگرافیای دەڤەرەکە و هەبوونی ژمارەیەک ڕووبار، کانیاوی سازگار و کەشوهەوای پاک، باڵەکایەتیی بووەتە جێی سەرنجی گەشتیارانی ناوخۆیی و ناوچەکانی دیکەی عێراق، کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی فرەچەشنکردنی سەرچاوەکانی داهات، بایەخێکی زۆری بە کەرتی گەشتوگوزار داوە.