هێرشەکانی ئەمەریکا بەندەرێکی یەمەنیان وێران کرد

سوپای ئەمەریکا ڕایگەیاند "هێزەکانیان بەندەری نەوتی ڕەئس عیسایان لە ڕۆژئاوای یەمەن وێران کردووە، ئەمەش لە چوارچێوەی هەڵمەتی پچڕاندنی پێداویستییەکان و پارەدان بۆ گرووپی حووسییەکانی کە لە لایەن ئێرانەوە پاڵپشتی دەکرێن.

لە بەیاننامەیەکی فەرماندەیی ناوەندیی ئەمەریکا، "سێنتکۆم" لەسەر پلاتفۆرمی ئێکس بڵاوی کردووەتەوە  هێزەکانی ئەمەریکا هێرشیان کردە سەر ئەو بەندەرە، چونکە ئەو بەندەرە سەرچاوەی پاڵپشتیی و پێداویستییەکانی ئەوانە.

لە ڕاگەیەندراوەکەی فەرماندەیی ئەمەریکادا هاتووە؛ حووسییەکان و بەرپرسەکانی ئێران و ئەوانەی پشتیوانیان دەکەن و بە ئەنقەست پاڵپشتی لە کردەی تیرۆریستیی دەکەن، دەبێت ئاگاداربکرێنەوە جیهان بە قاچاخ سوتەمەنی و کەرەستەی جەنگ بۆ ڕێکخراوێکی تیرۆریستی قبوڵ ناکات.

میدیاکانی سەر بە حووسییەکان بڵاویان کردەوە لە ئەنجامی هێرشی ئاسمانی ئەمەریکا بۆ سەر بەندەری نەوتی ڕەئس عیسا لە ڕۆژئاوای یەمەن 38 کەس کوژراون و زیاتر لە 100 کەسی دیکەش بریندار بوون.

ڕوونیشی کردەوە، تیمەکانی بەرگری شارستانی و فریاکەوتن کاردەکەن بۆ چارە کردنی بریندارەکان و کوژاندنەوەی ئاگرەکانی بەندەرەکە.

میدیاکانی حووسی بڵاویشیانکردەو، کوژرا و بریندارەکان کارمەند و کرێکاری بەندەرەکەن.

پێشتریش سوپای ئەمەریکا ڕایگەیاند "هێزەکان بەندەری ڕەئس عیسایان وێران کردووە، ئەمەش لە چوارچێوەی هەڵمەتی پچڕاندنی پێداویستییەکان و پارەدان بۆ گرووپی حووسییەکانی سەر بە ئێران کە ئێران پاڵپشتی دەکات.

یەمەن ڕۆژانە ڕووبەڕووی هێرشە ئاسمانییەکانی ئەمەریکا دەبێتەوە کە ئامانج لێی لەناوبردنی ژێرخانی حووسییەکانە، ئەمەریکا لە 15ی ئاداردا ئەم هێرشە ئاسمانییانەی دەست پێکردووە دژی ئەو گرووپە بۆ ڕاگرتنی هێرش بۆسەر کەشتییەکانی دەریای سوور و کەنداوی عەدەن. 

 
Fly Erbil Advertisment