لە عێراق کەرتی کشتوکاڵ پشتگوێ خراوە

16مین پێشانگای تایبەت بە کەرەستە و بەرهەمە کشتوکاڵییەکانی لە بەغدا بەڕێوە چوو، چەندان کۆمپانیا لە هەرێمی کوردستان و وڵاتانی دەرەوە بەرهەمەکانیان نمایشکرد. سەرنجی سەرەکی پێشانگاکە پشتوانیکردنی جووتیاران و ئاژەڵداران بوو کە گرفت و ئاڵنگاری زۆریان لەبەردەمدایە.

نەبیل عەلا، بەڕێوەبەری کۆمپانیای پشتیوانی بەرهەمە کشتوکاڵییەکان، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند "پێشتخستنی کەرتی کشتوکاڵ بە پشتیتوانیکردنی جووتیاران و دابینکردنی پێداویستیەکانیان دەبێت، وەکو پەینی کیمیاوی و بنەتۆ و ئامێری کشتوکاڵی و خانوی پلاسیتیکی و چەندان شتی دیکە، بەڵام بەداخەوە ماوەی چەند ساڵێکە بەهۆی قەیرانی داراییەوە حکوومەت نەیتوانیوە پشتیوانی جووتیاران وەکو پێویست بکات."

فوئاد جەمال، نوێنەری یەکێک لە کۆمپانیای هەرێمی کوردستان، لە پێشانگاکەدا گوتی: ئەوانەی لەم پێشانگایە بەشدارن، بەتایبەتی جووتیارەکان دڵخۆش نین، چونکە حکوومەت وەکو پێویست پاڵپشتیان ناکات و ئەو زیانانەی بەریان دەکەوێت زۆرە، هەروەها لەکاتی ساغ کردنەوەی بەرهەمەکانیان، بەرهەمی دەرەکی زیانیان پێدەگەیەنێت.

حوسەین بەهادلی، جووتیار دەڵێت: من جووتیارم، ئێمە پێویستمان بە هاوکاریی زیاتری حکوومەتە چونکە ئەم کەرتە پشتگوێ خراوە، هەروەها جووتیاران پێویستیان بە پشتوانی داراییە، بەراستی پشتیوانی حکوومەت بۆ ئێمە وەک ئەوەیە نەبێت، بەرهەمی هاوردەش دەستی بەسەر بازاڕدا گرتووە.

جووتیاران داوا دەکەن حکوومەت بەشێوەیەکی ڕژد و ڕاستەقینە دەستباریان بێت، هەروەها بەشە ئاوی زیاتریان بۆ دابین بکرێت، چونکە ئاو بووەتە خەونی جووتیاران و بەهۆی کەمئاوییەوە کشتوکاڵ لە زۆر جێگەی عێراق پاشەکشەی کردووە.

 
 
Fly Erbil Advertisment