بەر لە دانوستانەکانی ڕۆما، ویتکۆف لەگەڵ دەزگای مۆساد کۆ بووەوە

ڕۆن دێرمێر، وەزیری کاروباری ستراتیژی ئیسرائیل لە پاریس
ڕۆن دێرمێر، وەزیری کاروباری ستراتیژی ئیسرائیل لە پاریس

پێگەی هەواڵی ئەکسیۆسی ئەمەریکی بڵاوی کردەوە، بەرپرسانی ئیسرائیل ویستوویانە بەر لە دەستپێکردنی دانوستانەکانی ڕۆما، کاریگەریی لەسەر شاندە ئەمەریکییەکە دابنێن و کە ببێتە هۆی گۆڕینی بیروڕاکانیان لە دانوستانەکان لەسەر بەرنامەی ئەتۆمیی تاران.

هەینی 18ـی نیسانی 2025، سێ سەرچاوەی ئیسرائیلی ئاگادار بە کۆبوونەوەکە، ڕایانگەیاندووە، ڕۆن دێرمێر، وەزیری کاروباری ستراتیجیی ئیسرائیل، بە نهێنی گەشتی پاریسی کردووە لەگەڵ ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتی ترەمپ بۆ کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لەبارەی دانوستانەکانی ڕۆما کۆ بووەتەوە.

لەلایەکی دیکەوە، پێگەی هەواڵی ئەکسیۆسی ئەمەریکی بڵاوی کردووەتەوە، لە کۆبوونەوەکەی پاریسدا، دێڤێد بێرنێیە، سەرۆکی دەزگای مۆسادی ئیسرائیلیش بەشدار بووە.

بەڵام سەرچاوە ئیسرائیلییەکان و پێگەی هەواڵی ئەکسیۆسی ئەمەریکی، ئەو زانیارییانەیان ئاشکرا نەکردووە کە شاندی ئیسرائیل پێشکەشی شاندی ئەمەریکای کردووە بۆ مەبەستی کاریگەرییدانان لەسەر دانوستانەکانی ڕۆما.

بەڵام بە پێی زانیارییەکانی ژمارەیەک لە شارەزایانی ئیسرائیل، کە بە پێگەی ئەکسیۆسیان ڕاگەیاندووە، ئیسرائیل ترسی ئەوەی هەیە ئەمەریکا لەکاتی دانوستانەکان لەگەڵ ئێران، سازش بکات و نەرمی بنوێنێت، کە ئەمەش دەبێتە هۆی دروستکردنی مەترسی لەسەر ئاسایشی ئیسرائیل و ناوچەکە.

دانوستانەکانی ڕۆما

وا بڕیارە سبەینێ شەممە 19ـی نیسانی 2025، گەڕی دووەمی دانوستانەکانی نێوان ئەمەریکا و ئێران لەبارەی بەرنامەی ئەتۆمیی تاران، لە ڕۆمای پایتەختی ئیتالیا بەڕێوە بچێت.

بە پێی زانیارییەکان، ئیسرائیل هەوڵ دەدات کاریگەریی لەسەر هەڵوێستی ئەمەریکا، لە بەرانبەر بەرنامەی ئەتۆمیی ئێران دابنێت.

ڕۆژی پێنجشەممەی ڕابردوو، ویتکۆف لە پاریس لەگەڵ ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا و نوێنەرانی باڵای بەریتانیا و ئەڵمانیا کۆ بووەوە. لە دانوستانەکانی نێوانیان تیشک خرایە سەر هەوڵەکان بۆ گەیشتن بە ئاگربەست لە نێوان ڕووسیا و ئۆکرانیا، بەڵام پرسی ئێرانیش تەوەرێکەی دیکەی دانوستانەکان بووە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لە کۆبوونەوەکەی پاریس ڕایگەیاندووە، ویتکۆف جەختی لەوە کردەوە کە ئامانجی ئیدارەی ترەمپ چارەکردنی کێشەکان و گەیشتنە ڕێککەوتنە لەگەڵ ئێران لەسەر پرسی بەرنامەی ئەتۆمی، لە ڕێگەی دیپلۆماسییەوە.

بڕیارە ئەمڕۆ هەینی عەباس عراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران بگاتە ڕۆما، ئەوەش دوای سەردانەکەی ڕۆژی پێنجشەممەی بۆ مۆسکۆ، کە لەو ماوەیەدا لەگەڵ ڤلادیمێر پوتین، سەرۆکی ڕووسیا کۆ بووەوە و لەبارەی دانوستانەکانی ئێران و ئەمەریکا گفتوگۆی کردووە.

 
 
 
Fly Erbil Advertisment