واشنتن نیازی کشانەوەی لە نێوەندگیریی ڕووسیا و ئۆکرانیا هەیە
وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ڕایگەیاند: وڵاتەکەی هەوڵەکان بۆ نێوەندگیری ڕێککەوتنی ئاشتی نێوان ڕووسیا و ئۆکرانیا بۆ ماوەیەک ڕادەگرێت.
هەینی 18ـی نیسانی 2025، مارکۆ ڕوبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا، دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ سەرکردەکانی ئەرووپا لە پاریس، گوتی: ئێمە بۆ چەند هەفتەیەک یاخود چەند مانگێک، هەوڵکانمان بۆ نێوەندگیری ڕێککەوتنی ئاشتی نێوان ڕووسیا و ئۆکرانیا ڕادەگرین، ئەگەر لە داهاتوو ئاماژەیەکی ڕوون یان نییەتێک هەبێت بۆ ڕێککەوتن، ئەوا هەوڵەکانمان دەست پێدەکەینەوە.
ڕوبیۆ، ئاماژەی بەوە کرد، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا، تا ئێستاش هیوادارە کە هەردوو وڵات، ڕووسیا و ئۆکرانیا بە زوویی بگەنە ڕێککەوتن لەسەر وەستانی جەنگ، بەڵام ئەگەر دڵنیا نەبێت لەوەی کە هیچ ئاماژەیەکی ڕوون نەبێت بۆ ڕێککەوتن و پرۆسەی ئاشتی، ئەویش کاری دیکەی هەیە پێوەی سەرقاڵ بێت.
سێشەممە 15ـی نیسانی 2025، سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی ڕووسیا لەبارەی ڕێککەوتن لەگەڵ ئۆکرانیا لە چاوپێکەوتنێکی ڕۆژنامەوانیدا، ڕایگەیاند: ئاسان نییە لەسەر هەندێک خاڵی سەرەکی لەبارەی ڕاگرتنی شەڕی سێ ساڵە نێوان ئێمە و ئۆکرانیا لەگەڵ ئەمەریکا ڕێک بکەوین.
جەختی لەوەش کردەوە، یەکلاکردنەوەی خاڵە سەرەکییەکانی ڕێککەوتنەکە ئاسان نییە، ئەو خاڵانەش هێشتا گفتوگۆیان لەبارەیەوە دەکرێت.