باربارا لیف: گرووپە چەکدارەکانی عێراق هاوشێوەی شێرپەنجەن

یاریدەدەری وەزیری پێشووی دەرەوەی ئەمەریکا، دەڵێت:  کورد دەتوانێت ڕۆڵی سەقامگیرکار لە عێراق و سووریا بگێڕێت، بەڵام تا ئێستا سیاسەتی ئیدارەی نوێی دۆناڵد ترەمپ بەرامبەر ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ڕوون نییە و نازانم چۆن دەبێت. لەبارەی کێشەکانی هەناردەی نەوت، گوتی:  بەشێک لە کێشەکانی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان سیاسین، بەشێکیشیان هونەرین.

باربارا لیف، یاریدەدەری وەزیری پێشووی دەرەوەی ئەمەریکا، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی کوردستان24، گوتی: پرسی ڕاگرتنی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان، کێشەیەک بوو ئیدارەی بایدن کاری لەسەر دەکرد، بەڵام بەداخەوە ئەو کاتی ئێمە نەمانتوانی بگەینە ڕێککەوتنێک بۆ ئەوەی دووبارە نەتەوەکە هەناردە بکرێتەوە.

هاوکات هیواخوازە ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ،  یارمەتیدەر بێت بۆ ڕێککەوتنێکی باش تا دووبارە هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان دەست پێبکاتەوە.

هەر لەبارەی نەوتەوە، یاریدەدەری وەزیری پێشووی دەرەوەی ئەمەریکا، دەڵێت: بەشێک لە کێشەکانی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان سیاسین، بەشێکیشیان هونەرین، هەروەها بە بوونی نییەتێکی باشی سیاسی ڕێڕەوێکی باش بۆ پێشەوە هەیە، کە ئەمەش لە بەرژەوەندیی هەموو لایەکە؛ عێراق، هەرێمی کوردستان و تورکیا.

گوتیشی: ئێستا پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغدا لە ئاستێکی باش دایە، هیواخوازم بە بوونی هاندەرێکی بچووک لەلایەن واشنتنەوە لایەنەکان بتوانن کێشەکانیان چارە بکەن و هەناردەی نەوت دەست پێبکاتەوە.

لەبارەی فیدراڵییەت لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، باربارا لیف، ڕوونی کردەوە،  لە چەند شوێنیکی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە هەڵە لە چەمکی فیدراڵییەت تێگەیشتوون، بەڵکو لێشی دەترسن، چونکە حکوومەتەکان بە دابەشبوونی وڵات لێکی دەدەنەوە، بەڵام دەکرێت فیدراڵییەت زۆر بەرهەمدار بێت و ئۆتۆنۆمییەکی زیاتر لە ڕووی کولتووری و ئابوورییەوە بە کۆمەڵگەکان بدات.

یاریدەدەری وەزیری پێشووی دەرەوەی ئەمەریکا، لەبارەی گرووپە چەکدارەکانی عێراقەوە، سەرنج و تێڕوانینی خۆی خستەڕوو و ئاماژەی بەوە کرد، گرووپە چەکدارەکان وەک شێرپەنجە وان لە عێراق، ئەوان سەقامگیریی و ئاسایشی عێراق توشی شکست و داڕمان دەکەن، هەروەها وەک ڕاوچییەک وان بە پێی بڕیارەکانی حکوومەت مامەڵە ناکەت، بەڵکو لەژێر فەرمانی هەندێک لایەنە دیکە مامەڵە دەکەن.

ناوبراو هیوا دەخوازێت، کە حکوومەتی عێراق بتوانێت گرووپە چەکدارەکان کۆنترۆڵ بکات، بەڵام نەیشاردەوە کە کۆنترۆڵکردنیان لەلایەن حکوومەتەوە کارێکی سەخەتە و ئەستەمە بەو ئاسانییە بکرێت.

لەبارەی مەترسییەکانی گرووپە چەکدارەکانەوە، باربارا لیف باسی لەوە کرد، ئەگەر بە خێرایی کۆنترۆڵ نەکرێن مەترسی لەسەر وڵات و کۆمەڵگە دەبێت، بەڵکو هەڕەشەن بۆ سەر وڵاتانی دیکەش، لە چەند ساڵی ڕابردوو بینیمان هێرشیان کردە سەر کوێت، ئیمارات و سعوودییە.

سەبارەت بە دانوستانەکانی نێوان ئەمەریکا و ئێران، یاریدەدەری وەزیری پێشووی دەرەوەی ئەمەریکا، گوتی: دانوستانەکانی نێوانیان سەرەتایەکی باشە و بە دیدی هەردوو وڵاتەوە ئەرێنی بووە، بەڵام کاتێک دەچنە نێو وردەکاری زیاتر دانوستانەکان سەختر دەبن، هەمیشە لەو بڕوایە دابوومە کە دەبێت ئەمەریکا پەیوەندییەکی ناڕاستەوخۆی لەگەڵ ئێراندا هەبێت بۆ مەبەستی چارەکردنی کێشەکان.

سەرنجی بۆ ئەوەش ڕاکێشا، ئەو کاتەی کە دیاریی کراوە بۆ چارەکردنی کێشەکانی نێوان ئەمەریکا و ئەمەریکا زۆر کەمە، لەو بڕوایەدا نیم کە کێشەکانی نێوانیان بە دوو مانگ چارە بکرێن.

باربارا لیف، لە درێژەی قسەکانیدا ئەوەشی خستەڕوو، ئەگەر ئەمەریکا و ئێران لەسەر بەرنامەی ئەتۆمیی تاران ڕێکنەکەوتن، بڕوا ناکەم دۆناڵد ترەمپ بژاردەی سەربازیی بەکار بهێنێت، ئەو نایەوێت میراتەکەی جەنگێکی نوێ بێت.

لەبارەی ڕۆڵی کوردەوە، یاریدەدەری وەزیری پێشووی دەرەوەی ئەمەریکا، جەختی لەوە کردەوە، کورد دەتوانێت ڕۆڵێکی سەقامگیر لە عێراق و سووریا بگێڕێت، بەڵام تا ئێستا سیاسەتی ئیدارەی نوێی دۆناڵد ترەمپ بەرامبەر ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ڕوون نییە و نازانم چۆن دەبێت.

 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment