ئەمڕۆ گەڕی دووەمی دانوستانەکانی ئێران و ئەمەریکا لە ڕۆما بەڕێوە دەچێت

بڕیارە ئەمڕۆ گەڕی دووەمی دانوستانەکانی شاندی باڵای ئەمەریکا و کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ڕۆمای پایتەختی ئیتاڵیا، لەسەر پرسی بەرنامەی ئەتۆمی و ڕێککەوتنێکی نوێی نێوان واشنتن و تاران بەڕێوە بچێت.
ڕۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ، لە زاری چەند سەرچاوەیەکی دیبلۆماتی ئەورووپی بڵاوی کردووەتەوە، ڕافایل گروسی، بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم، بەشداریی دانوستانەکانی ئەمڕۆ شەممە 19ی نیسانی 2025ـی ڕۆما دەبێت، بەڵام گومان دەکرێت زانیارییەکی نوێ و تەواوی لەسەر بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێرانی لەبەردەستدا بێت.
هەروەها بەرپرسانی ئەمەریکی ئاماژەیان داوە "ڕوون نییە، ئاخۆ ئێران زانیاریی ورد و نەزانراوی بەرنامە ئەتۆمییەکەی بە دەستەوە دەدات، کە ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی داوای دەکات؟ چونکە بەبێ بوونی زانیاریی ورد، دانوستان و نزیکبوونەوە مەحاڵە."
هەر بە گوێرەی ڕاپۆرتی وۆڵ ستریت جۆرناڵ، پێشبینی دەکرێت لە دانوستانەکانی ئەمڕۆدا هەوڵ دەدەن لەسەر دانانی چوارچێوەیەکی گشتی و نوێ بۆ ڕێککەوتن لەسەر بەرنامەی ئەتۆمیی ئێران بگەنە ئەنجام، بەڵام بەو مەرجەی ئێران زانیاری و ڕوونکردنەوەی تەواو بدات.
دوای سەردانەکەی بۆ مۆسکۆ، عەباس عراقچی، وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامی گەیشتووتە ڕۆما و بە هەمانشێوە ستیڤ ویتکۆف، نوێنەری تایبەتی دۆناڵد ترەمپ بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست گەیشتووە و دانوستانەکان بە نێوەندگیری عوممان بەڕێوە دەچێت.
ئەمەش دوای هەفتەیەک دێت لە بەڕێوەچوونی گەڕی یەکەمی دانوستانی ناڕاستەوخۆی هەردوولا لە مەسقەت، کە هەردوولا بە ئەنجامەکانی گەڕی یەکەم دانوستان گەشبین بوون.