سووریا هێزی سەربازیی ڕەوانەی سنووری عێراق کرد

تەلەفزیۆنی سووریا بڵاوی کردەوە کە کاروانێکی سەربازیی ڕەوانەی سنووری عێراق و سووریا کرد بۆ پاراستنی سنوورەکانی نێوانیان.
میدیاکانی سووریا بڵاویان کردەوە "ئێوارەی هەینی کاروانێکی سەربازیی لە وەزارەتی بەرگریی سووریا گەیشتە شاری ئەلبوکەمال، لە نزیک سنووری عێراق." ئاماژەیان بەوە دا "ئامانجی ڕەوانەکردنی ئەو هێزە، بۆ بەهێزکردن و کۆنترۆڵکردنی سنوورەکە و پاککردنەوەیەتی لە قاچاخچیەکانی نێوان سووریا و عێراق."
ڕۆژی سێشەممە 8ـی نیسان، بەڕێوەبەری پەیوەندییە گشتییەکانی دەستەی گشتیی دەروازەکانی دەریایی و وشکانی سووریا، مازن عەلوش، ئاشکرای کرد "بەم زووانە دەروازەکە بۆ ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێوان عێراق و سووریا دەکرێتەوە، ئەوەش دوای ڕاوێژەکانی نێوان وەزارەتی دەرەوەی سووریا و حکوومەتی عێراق."
ئاماژەی بەوەش کرد "دەروازەکە لەلای عێراقەوە داخراوە، لەکاتێکدا هێزەکانی سووریا ئامادەن و تەنیا ئەو هاووڵاتییە سووریایانەی لە عێراقەوە دێن و ئەوانەی خۆبەخشانە دەگەڕێنەوە ڕێگەیان پێدەدرێت پێیدا تێپەڕن." ئاماژەی بەوەش کردبوو "لە دوای ڕووخانی ڕژێمی ئەسەدەوە تا ئێستا زیاتر لە 10 هەزار هاوڵاتی سووریی گەڕاونەتەوە بۆ وڵاتەکەیان."