ڕۆیتەرز: دوو ڕۆژ پێش ڕووخانی ڕژێمی سووریا، ئەسەد، پارە و کەسوکارەکەی ڕەوانەی ئیمارات کردووە
جارێکی دیکە زانیاری نوێ سەبارەت بە هەڵاتنەکەی بەشار ئەسەد، سەرۆکی پێشووی ڕژێمی سووریا بڵاو دەکرێتەوە.
نزیکەی چوار مانگ دوای کەوتنی ڕژێمەکەی بەشار ئەسەد، سەرۆکی پێشووی سووریا، وردەکاریی نوێ سەبارەت بە هەڵاتنەکەی ئاشکرا دەکرێت کە لەگەڵ نزیکبوونەوەی دەستەی 'تەحریری شام' لە دیمەشق، ئەسەد، چۆن هەڵاتووە و سەروەت و سامانی وڵاتەکەی بە تاڵان بردووە.
بە گوێرەی ڕاپۆرتێکی ئاژانسی ڕۆیتەرز کە لەسەر زاری ژمارەیەک بەرپرسی هەواڵگریی سووریا و کارمەندانی فڕۆکەخانەی دیمەشق بڵاوی کردووەتەوە، 48 کاتژمێر پێش ڕووخانی ڕژێم، ڕاوێژکارێکی ئابووریی بەشار ئەسەد، بە فڕۆکەیەکی تایبەت، چوار گەشتی ئاسمانی لە سووریاوە بۆ ئیمارات بە مەبەستی گواستنەوەی کەسوکاری ئەسەد، پارە و زانیاری، ڕێکخستبوو.
لە راپۆرتەکەدا هاتووە، سەرەتا فڕۆکەکە لە دوبەیەوە بەرەو دیمەشق گەشتی کردووە، هەر جارێك فڕۆکەکە گەڕاوەتەوە بۆ فڕۆکەخانەی دیمەشق، ژمارەیەك ئۆتۆمبێلی تایبەت بە گاردی کۆماری سووریا و چەندین ئەفسەری هەواڵگریی سەربازی سەر بە هێزی ئاسمانی سووریا، کەلوپەلەکانی ئەسەدیان هێناوەتە فڕۆکەخانەکە و هەواڵگریی هێزی ئاسمانی سەرپەرشتی فڕۆکە تایبەتەکەی ئەسەدی کردووە.
ئەفسەرێکی هەواڵگیریی بە ڕۆیتەرزی ڕاگەیاندووە، لە گەشتی یەکەم و دووەمدا کەسوکاری ئەسەد و کارمەندانی کۆشکی سەرۆکایەتیی گوازراونەتەوە. لەو دوو گەشتەدا پارە و چەند وێنە و پەیکەرێکیش گواستراونەتەوە و فڕۆکەکە لە ئەبوزەبی نیشتووەتەوە.
ئەفسەرەکە ئەوەشی خستووەتە ڕوو، رۆژێك پێش ڕووخانی رژێم، لە سێیەم گەشتدا ئۆتۆمبیلێکی باڵیۆزخانەی ئیمارات لە دیمەشق، چووەتە بەشی کەسایەتییە گرنگەکان لە فڕۆکەخانەکە، بەر لەوەی فڕۆکە تایبەتییەکە بفڕێت.
لە ڕێگەی فڕۆکە تایبەتەکەدا ژمارەیەک جانتای پڕ لە پارە گواستراوەتەوە کە مەزندە دەکرێت بەلایەنی کەم 500 هەزار دۆلار بێت، هەروەها چەندان بەڵگەنامە و لاپتۆپی گواستووەتەوە کە زانیاریی سەبارەت بە تۆڕی چالاکییە داراییەکانی ئەسەد لەبواری تۆرەکانی پەیوەندیکردن، بانک، خانوبەرە و کەرتی وزەدا لەخۆ گرتووە.
لە 8ـی کانوونی یەکەم لە 2024 لە شەوی هەڵاتنی ئەسەد، فڕۆکە تایبەتە لە ئەبوزەبییەوە بەرەو دیمەشق بەڕێ کەوت، بەڵام بۆ شەش کاتژمێر ڕاداری داخست، دواتر لە ئاسمانی پارێزگای حمس بەدەرکەوتەوە و بەرەو ئەبوزەبی بەڕێکەوت، لەو ماوەیەدا فڕۆکە تایبەتەکەی بەشار ئەسەد، لە بنکەی ئاسمانی حمێمیم لە لازقییە نیشتووەتەوە و بەگوێرەی زانیارییەکان لەوێوە بەشار ئەسەد بەرەو ڕووسیا هەڵاتووە.