دوای 56 ساڵ چۆنیەتی تیرۆرکردنی سیناتۆر ڕۆبێرت کێنێدی بڵاو کرایەوە
دەسەڵاتدارانی ئەمەریکا، نزیکەی 10 هەزار لاپەڕە تۆمارکراوی پەیوەندار بە تیرۆرکردنی سیناتۆر ڕۆبێرت کێنێدی لە ساڵی 1968 بڵاو کردەوە، لە نێویاندا یاداشتە دەستنووسەکانی ئەو چەکدارەی سیناتۆرەکەی تیرۆر کرد، کە گوتبووی دەبوو کاندیدی دیموکراتەکان بۆ پۆستی سەرۆکایەتیی ئەمەریکا لەناو ببرێت و دانی بەوەدا ناوە کە حاڵەتی هەڵچوونی هەبووە بۆ کوشتنی سیناتۆرەکە.
بەڵگەنامەکان، بە فەرمانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا بڵاو کراونەتەوە، کە ژمارەیەکی زۆر دۆسیەیان لەخۆگرتووە و دەیان ساڵە لەلای حکوومەت بە نهێنی ماوەتەوە.
بڵاوکردنەوەی ئەو دۆسییە دوای مانگێک لە بڵاوکردنەوەی دۆسییەی تیرۆرکردنی سەرۆکی ئەوکاتی ئەمەریکا جۆن ئێف کێنێدی، برا گەورەکەی ڕۆبەرت کێنێدی دێت.
بەڵگەنامەکان، وێنەی یادداشتە دەستنووسەکانی سێرهان، بکوژی سیناتۆر کێنێدی لەخۆ گرتبوو، کە لەسەری نووسرابوو "دەبێت ڕۆبەرت کێنێدی لەناو ببرێت، هەروەک چۆن براکەی لەناوبرا." ئاماژەیە بۆ تیرۆرکردنی سەرۆک جۆن ئێف کێنێدی لە ساڵی 1963.
ڕۆبێرت کێنێدی ، لە 5ـی حوزەیرانی 1968، چەند ساتێک دوای پێشکەشکردنی وتارێک لە ئاهەنگێک بە بۆنەی سەرکەوتنەکەی لە هەڵبژاردنی سەرەتایی دیموکراتەکان لە کالیفۆرنیا، لەناو هۆتێل ئەمبەسادۆر، لە لۆس ئەنجلس تەقەی لێ کرا و تیرۆر کرا.
سێرهان، بە تاوانی کوشتنی پلە یەک سزا دراوە و سزای تاهەتایی بەسەردا سەپێنراوە.
کوڕی ڕۆبەرت کێنێدی، وەزیری تەندروستی و خزمەتگوزارییە مرۆییەکانی ئێستای ئەمەریکایە و ناوی ڕۆبەرت ئێف کێنێدی جونیۆرە، پێشوازیی لە بڵاوبوونەوەی ئەو بەڵگەنامانە کرد و بە "هەنگاوێکی گرنگ بۆ ئاشکراکردنی ڕاستییەکانی تیرۆرکردنی باوکی" وەسفی کرد.