لە گوڵاڵە داعش هێرشیکردە سەر بارەگایەکی سوپای عێراق

سەربازێک کوژرا و ژمارەیەکی دیکەش بریندار بوون

K24 - هەولێر

ژمارەیەک چەکداری داعش بەرەبەیانیی ئەمڕۆ هێرشیان کردە سەر بارەگایەکی سوپای عێراق لە سنووری ناحیەی گوڵاڵە، لە ئەنجامدا سەربازێک کوژرا و ژمارەیەکی دیکەش برینداربوون.

بەپێی میدیا عێراقییەکان چەکدارانی داعش بەرەبەیانیی ئەمڕۆ (پێنجشەممە، 30-7-2020) بنکەی سوپای عێراقیان لە گوندەکانی ئیسڵاح و قایە لە ناحیەی گوڵاڵەی سەر بە قەزای خانەقین کردووەتە ئامانج.

هێرشەکەی چەکدارانی داعش وەکو میدیاکانی عێراق باسی دەکەن، سەرەتا لەڕێگەی هێرشکردن بووە بۆ سەر خاڵێکی ئەمنی لە گوندی قایە، تێیدا سەربازێک کوژراوە و دواتر بۆمبێکی چێنراو ئەو هێزە ئەمنییەی بە ئامانجکردووە کە ویستوویانە بەهانای هێزە عێراقییەکانەوە بچن، لەئەنجامدا ژمارەیەک سەرباز بریندار بوون.

هێرشەکە لەکاتێکدایە فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی عێراق، سەرەتای ئەم هەفتەیە دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنێکی سەربازیی فراوانی لە پارێزگای دیالە بەئامانجی لەناوبردنی پاشماوەکانی داعش راگەیاند.

ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکە لە سێ میحوەری سەرەکی دەستیپێکردووە، بە تەواوکەری ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان دادەنرێت، کە بەغدا بەئامانجی گەڕاندنەوەی ئاوارەکان بۆ شەش ناوچە کە پێشتر لەژێر دەسەڵاتی داعش بوون لە پارێزگاکە، دەستیپێکردبوو.

 

هـ.ر.

Fly Erbil Advertisment