ترەمپ مۆڵەتی یەک هەفتەی بە پەنابەرانی ئەفغانی داوە وڵاتەکە جێبهێڵن

ئیدارەی ترەمپ فەرمانی بەو پەنابەرانەی ئەفغانی کردووە کە بە شێوەیەکی یاسایی دوای هاتنە سەردەسەڵاتی تاڵیبان هاتوونەتە ناو ئەمەریکا، لە ماوەی هەفتەیەکدا بچنە دەرەوە یانیش دەستگیردەکرێن و دیپۆرت دەکرێنەوە.

وەزارەتی ئاسایشی ناوخۆی ئەمەریکا "ئاگادارییەکی بۆ ئەو هاووڵاتییە ئەفغانییانە ناردووە کە بەپێی پرۆگرامی پارێزبەندی مرۆیی یان ڕێڕەوی یاسایی لە ئەمەریکا وەرگیراون، لە ماوەی حەوت ڕۆژدا بە ئارەزووی خۆیان بڕۆن یانیش دەستگیر دەکرێن و دیپۆرت دەکرێنەوە، هەروەها ئەو ئیمەیڵانەی پێیان گەیشتووە ئیتر پێگەی یاساییان نییە بۆ مانەوە.

ئەم هەنگاوە لە چوارچێوەی هەڵمەتە بەرفراوانەکەی ترەمپدایە دژی کۆچبەری، کە بەڵێنی داوە گەورەترین دیپۆرتکردنەوەی بەکۆمەڵ لە مێژووی ئەمەریکادا بکات، ئیدارەی ترەمپ ڕێوشوێنەکانی بۆ جێبەجێکردنی بەڵێنەکەی ترەمپ چڕکردووەتەوە، لەوانەش دژی ئەو ئەفغانیانەی لە ترسی تاڵیبانەوە وڵاتەکەیان جێهێشتووە، کە دوای کشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا لە مانگی ئابی 2021 دەسەڵاتیان لە کابولدا گرتە دەست.

چەندین دەزگای ڕاگەیاندنی ئەمەریکا لە ویلایەتی کارۆلاینای باکوور بڵاویان کردەوە، ئەفغانییەکان ئیمەیڵێکیان لە وەزارەتی ئاسایشی ناوخۆوە پێگەیشتووە، کە داوایان لێکراوە لە ماوەی حەوت ڕۆژدا بچنە دەرەوە یان دەستگیر دەکرێن و ڕووبەڕووی ڕێکاری یاسایی دەبنەوە. 

نیوزویک لە زاری نیکۆڵ میچیرۆنی پارێزەری کۆچبەرانی ئەمەریکاوە ڕایگەیاندووە، وەزارەتی ئاسایشی ناوخۆ پێی گوتووە "کاتی ئەوە هاتووە ئەمەریکا جێبهێڵیت". 

بەڵگەنامەکانی کۆنگرێس ئاماژە بەوە دەکەن، لە نێوان مانگی ئابی 2021 تا ئابی 2024 نزیکەی 150 هەزار ئەفغانی لە ئەمەریکا نیشتەجێ کراون.

گۆڤاری 'نیوزویک' بڵاوی کردەوە، کاتێک لەساڵی 2021، تاڵیبان بەخێرایی کۆنتڕۆڵی ئەفغانستانی کردەوە، دوای کشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا، دەیان هەزار ئەفغانی ناچاربوون هەڵبێن، بەتایبەتی ئەوانەی لەگەڵ سوپای ئەمەریکادا کاریان کردبوو.